خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە پۆڵەندا دژی یاسای لەباربردنی منداڵ

دوای مردنی ژنێکی دووگیانی پێنج مانگە لە پۆڵەندا، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یاسا توندەکانی ئەو وڵاتە بۆ لەباربردنی منداڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی چوارشەممە، دوای مردنی ژنێکی تەمەن ٣٣ ساڵ بە ناوی دۆرۆتا لالیک لە مانگی پێنجی دووگیانیدا بەهۆی شۆکی سپێسیسەوە، هەزاران کەسی پۆڵەندی هاتنە سەر شەقامەکانی وارشۆی پایتەخت و خەڵکی دیکە شارەکانی وڵات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر یاساکانی لەباربردنی منداڵ لەم وڵاتە.

 

لەدوای توندکردنەوەی یاساکانی لەباربردنی منداڵ لەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢١، شەش ژن بەهۆی نەبوونی فەرمانی پزیشک بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانییان گیانیان لەدەستداوە، دۆرۆتا لالیکی تەمەن ٣٣ ساڵ دوایین قوربانیی سنووردارکردنی لەباربردنی منداڵە لە پۆڵەندا.

 

دۆرۆتا لالیک مانگی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی جۆن پاوڵی دووەم لە شاری نۆوی تارگ لە باشووری پۆڵەندا کۆچی دوایی کرد، زۆربەی خەڵکی پۆڵەندا کاسۆلیکن و دانیشتوانی ناوچەکانی باشووری ئەم وڵاتە ئایینین، میدیاکانی پۆڵەندا ڕایانگەیاند کە سروشتی ئایینی ئەم نەخۆشخانەیە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەم ژنە گەنجە و ڕایانگەیاند کە ئەم نەخۆشخانەیە هەرگیز لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا لەباربردنی منداڵ ئەنجام نادات.

 

دۆرۆتا لالیک دوای ئەوەی کیسەی ئاوی منداڵەکەی تەقی، چووە ئەم نەخۆشخانەیە، داوای لێکرد قاچەکانی بەرز بێتەوە و چاوەڕێ بکات، دوای ماوەیەک تووشی سپێسیسێکی توند بوو و دوای سێ ڕۆژ گیانی لەدەستدا.

 

سپتیسمی: جۆرێکە لە هەوکردن کە هەموو جەستە دەگرێتەوە و بەهۆی هەوکردنەوەیەکەوە دروست دەبێت.

 

خۆپیشاندەران توڕەیی خۆیان ئاراستەی پارتی دەسەڵاتدار "یاسا و دادپەروەری" کرد و بە هۆکاری ئەو گیانلەدەستدانانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون ڕوویانداوە، بە هۆکاری ئەو حزبە دەزانن.

 

 ئەم حاڵەتانە پەیوەندییان بەو نەخۆشخانەیانە هەیە کە ڕەتیانکردەوە لەباربردن ئەنجام بدەن تەنانەت کاتێک بەهۆی لێدانی دڵی کۆرپەلە ژیانی ئەو ژنانە لە مەترسیدا بوو.

 

بەپێی یاسای ئێستای پۆڵەندا، ژنان تەنها لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی، پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری یان کاتێک ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە، مافی ئەوەیان هەیە دەستیان بە لەباربردنی منداڵ بگات.

 

 بەڵام پێدەچێت کارمەندانی تەندروستی بەتایبەتی لە نەخۆشخانە حکومییەکان نایانەوێت ئەم کارە بکەن یان درەنگ هەنگاو بنێن. ئەم حاڵەتانە لە دوای زیادبوونی توندوتیژی یاسایی لەسەر لەباربردن زیادیان کردووە.