پەنابەرێکی ئەفغانی خەڵاتی "لۆران"ی کەنەدای بەدەستهێنا

پەنابەرێکی ئەفغانی بوو بە یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی بەناوبانگی "لۆران" بە بەهای ١٠٠ هەزار دۆلار.

ناوەندی هەواڵ

 

بێنین ئەرجەمەند، پەنابەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵە، بووە یەکێک لە ٣٦ براوەی سکۆلەرشیپی بەناوبانگی "لۆران"ی کەنەدا کە بەهای زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلار بووە.

 

ئەو کە لە دوای قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لەگەڵ خێزانەکەی پەنایان بۆ کەنەدا برد، دوای ١٨ مانگ لە کۆچکردنی، ئەم سکۆلەرشیپە بەناوبانگەی وەرگرت بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە.

 

لە کاتێکدا نیگەرانی کچ و ژنانی ئەفغانستانە کە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن بۆ چوونە قوتابخانە یان کار، بەڵام سەبارەت بە سەرکەوتنەکەی ڕاگەیاند: بۆ من وەک ئەوە وابوو بگەڕێمەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بەسەرمدا هاتووە، وای لێکردم بیر لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانم بکەمەوە، ئەم سکۆلارشیپە ژیانم دەگۆڕێت، دڵنیام لە ڕێگەی ئەم خەڵاتەوە دەتوانم زیاتر پەرە بە خۆم بدەم و زیاتر فێر ببم.

 

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە سەرانسەری کەنەدا داوای سکۆلەرشیپ دەکەن بۆ خوێندن لە یەکێک لە ٢٥ زانکۆی کەنەدا.

 

لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان و جێبەجێکردنی یاسا ناعەقڵانیەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ژنان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەفغانستان بوونەتە پەنابەر یان داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.