٣٥٠ کەس لە نەورۆزی ئامەد دەستگیرکران
دوای گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد پۆلیس دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی بەشداربووانی ئاهەنگی نەورۆز و زیاتر لە ٣٥٠ کەس دەستگیرکراون لە لە نێویاندا ٥٠ منداڵ هەیە
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد بەڕێوەچوو کە بە دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێداکردبوو بە دروشمی " هەموو شوێنێک نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی".
ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ تایبەت بوو بە وەبیرهێنانەوەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات کە بە دەیان هەزار کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا، لە میانەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و خەڵک درووستبوو، چونکە پۆلیس لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی خەڵک بۆ ئاهەنگەکە ڕێگری دەکرد و گازی فرمێسک ڕێژییان لە دژی خەڵکەکە بەکاردەهێنا و هێرشییان دەکردە سەریان.
بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان هەر دوای ئاهەنگی نەورۆز پۆلیس دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی بەشداربووانی ئاهەنگی نەورۆز و زیاتر لە ٣٥٠ کەس دەستگیرکراون لە لە نێویاندا ٥٠ منداڵ هەیە، کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس گواستراونەتەوە و منداڵەکانیش بۆ زیندانی منداڵانی ئامەد بردراون.
دوێنێ لە ٤٢ ناوەندی شار و شاروچکەکانی باکوری کوردستان و تورکیا نەورۆز پیرۆز کرا. لە ئامەدیش گەورەترین ئاهەنگ ئەنجامدرا و دروشمەکانی ئازادی دەوترانەوە.