"لەهەڵەبجە دادگای کار نییە کاری کرێکاران بە ئاسانی بەدەستەوە بدات"
نەبوونی دادگای کار یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی نادادپەروەری کار، تارا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەیی لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت: کەیسی کرێکاران خێرایە و بەهۆی ئەوەی کە کارمان نییە کەیسەکانمان دوا دەکەون.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- لە کاتێکدا بازاڕی کار بەردەوامە لە گەشەکردن و پێداویستی بە هێزی کار هەیە، کرێکاران هێشتا بە کێشەیەکی بنەڕەتیەوە دەناڵێنن؛ کەمبوونی کرێی کارو ئەم دۆخە وایکردووە زۆربەی ئەوانەی کە بە ماندووبوونی ڕۆژانە ژیان دەگوزەرێنن، نەتوانن پێویستیە سەرەتاییەکانیان بە ئاسانی دابین بکەن.
کارناسانی بواری ئابووری پێیان وایە کە نەبوونی سیستمێکی ڕێکخراو بۆ دیاریکردنی کرێی کار، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان، بەتایبەتی لە بازاڕی کاری بێ فەرمی، کە زۆرێک لە کرێکاران بێ پاراستنی یاسایی کار دەکەن و ناتوانن مافەکانیان داوا بکەن.
تارا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەیی لە پارێزگای هەڵەبجە وتی: کاروباری کۆمەڵایەتی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارو بەریوەبەرایەتیە پیشەیەکان و دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە هەوڵ دەدات یاساکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەدواداچوونی مافی کرێکاران و مافی خاوەن کار دەکەین، وەک بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەیی ولەسنووری خۆماندا لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە بەردەوام بەدواداچوونمان هەیە بۆ ڕۆژی کرێکارانیش بەهەمان شیوە لەم سنوورە بەردەوامین.
"پێویستە کرێکاران شارەزای ماف و ئەرکەکانیان بن"
تارا عەبدوڵا جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە شارەزای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بن و وتی: بەداخەوە تاوەکو ئێستا کرێکاران هۆشیار نین و شارەزای کارەکان نین، شارەزای دەستەبەری کۆمەڵایەتی نین، ئەرکی ئیمە زۆر قورسە لەبەر ئەوەی دەبێت، ئاشنایان بکەین بەماف و ئەرکەکانیان، تاوەکو ئێستا زۆر هەوڵماندا لە ڕێگەی سیمینارو وۆرکشۆپەوە لەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە کە دێنە ئەم شارە لەڕێگەی هۆبەی یاسایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشیاری بدەین، گەشبینین کە ڕێژەی کرێکاران شارەزای مافەکانیان دەبن و بتوانن ژینگەی پارێزراو دابنین بکەن.
"لە هەڵەبجە زۆرترین پێکانی کار لە کشتوکاڵ و بیناسازیدایە"
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم کرێکاران، پێکانی کارە وتی: پێکانی کارمان هەیەو بەتایبەت کەرتی کشتوکاڵ و بیناسازی، پێویستە کرێکاران هۆشیار ببنەوەو سکاڵای خۆیان لە ڕێگەی هێڵی گەرمەوە بکەن و خاوەنکارانیش ئەوەی پێویستە بیکەن لە ڕێگەی وەزارەتەکانەوە، ئەو کەسەی سکاڵا دەکات دەبیت لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانەوە ٥٥٠٠ وە لە ڕێگەی پارێزەرانەوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە کاروباری کۆمەڵایەتی کە بە شێوەی راستەوخۆ، ئەویش بەشێوەی دوولایەنە واتە پێی خۆش بێت ناسنامەی دیاری بکات یاخود نا، لە هەڵەبجە دادگای کاری لێ نییەو بە سوپاسەوە دادوەری دادگای بەرایی کەیسی کرێکاران دەبینێت و ئەمەش گرفتە، چونکە کەیسی کرێکاران خێرایە و بەهۆی ئەوەی کە دادگای کارمان نییە کەیسەکانمان دوا دەکەون.
لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی هێشتا وەڵامی ڕوون نییە: ئایا کاتەکە نەهاتووە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی ڕوون و دادپەروەر بۆ کرێی کار دانرێت، کە بتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران دابین بکات؟.