لانیکەم ١٥ ژن وەک حاکمی ویلایەت لە ئەمریکا هەڵبژێردران
لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا، کە لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، لانیکەم ١٥ ژن وەک یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی ئەمریکادا وەک حاکمی ویلایەت هەڵبژێردران.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی ئێن بی سی نیوز، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا و سەرکەوتنی بەشێکی بەرچاوی ژنان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکادا کە ٣ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، ژنان چەندین دەستکەوتی مێژووییان تۆمارکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کێشا لانس بۆتمز، شارەوانی پێشووی ئەتڵانتا، لە ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوت و بوو بە یەکەم ژن و یەکەم ژنی ڕەشپێستی ئەمریکی کە وەک حاکمی ویلایەتێک هەڵبژێردرا و ئاماژە بەوەش کراوە، بەم سەرکەوتنە، دیموکراتەکان دوای ٢٤ ساڵ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم پۆستە بەدەستدەهێننەوە.
هاوکات، دێب هاڵاند، وەزیری پێشووی ناوخۆی ئەمریکا، لە نیومەکسیکۆ سەرکەوت و بوو بە یەکەم ژنی ڕەسەنی ئەمریکی کە حاکمی ویلایەتێک بێت.
لە ئۆهایۆ، ئامی ئەکتۆن، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی گشتیی ویلایەتەکە، بووە یەکەم ژن کە حاکمی ویلایەتی ئۆهایۆ بێت.
جینا هینۆجۆسا لە تێکساس، دوای شکاندنی کۆنترۆڵی درێژخایەنی کۆمارییەکان، بووە یەکەم ژن و یەکەم ژنی لاتین کە حاکمی ئەو ویلایەتە بێت.
هەروەها ئامی کلۆبوچار لە مینیسۆتا بووە یەکەم ژنی حاکمی ئەو ویلایەتە و مارشا بلاکبەرن (کۆماری) لە تێنێسی بووە یەکەم ژنی حاکمی ویلایەتەکەی.
لە ئەنجومەنی پیرانیشدا، پێگی فلاناگان لە مینیسۆتا بووە یەکەم ژنی ڕەسەنی ئەمریکی کە کورسی ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنێت.
بە گشتی لانیکەم ١٥ ژن وەک حاکمی ویلایەت هەڵبژێردران، کە ژمارەیەکی پێوانەییە، دیموکراتەکان توانیان کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران وەبگرن و پێشکەوتنی بەرچاو لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چەندین ویلایەتدا تۆمار بکەن.
ئەم ئەنجامانە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیادکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسی ئەمریکا سەیر دەکرێن.