فەرمانداری گشتی یەپەژە: هەتا کۆتایی خەتی بەرخۆدان دەپاریزین
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوسۆزی لەگەڵ کۆبانێوە، فەرماندەیی گشتیی یەپەژە پەیمانی خۆی نوێکردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی بەرخۆدان و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی تا بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
ناوەندی هەواڵ
فەرماندەیی گشتیی یەکەکانی پاراستنی ژنان، ١ی تشرینی دووەم، ڕاگەیاندراوێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوسۆزی لەگەڵ کۆبانێ دەرکرد، کە تێیدا پەیمانی خۆی نوێکردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو ژنانەی خۆیان لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکدەخەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی گشتیی یەکەکانی پاراستنی ژناندا وتی: مێژوو تەنها شاهیدی سەردەمەکانی تاریکی نییە، بەڵکو شاهیدی ئەو بەرخۆدانەشە کە ئەو تاریکییە تێکدەشکێنێت، کۆبانێ تەنها شارێک نییە لە یادگاری مرۆڤایەتیدا، بەڵکو هێڵی خۆڕاگری و کەرامەتە، مەیدانێکە کە تێیدا ژیان بەسەر مردندا سەرکەوت، قەڵای بەرخۆدانی بێوێنەی یەکەکانی پاراستنی ژنان بوو.
ڕوونیکردەوە لەو ساڵانەی شەپۆلەکانی تاریکی جیهانیان داگیرکردبوو و چەتەکان هەوڵیان دەدا مرۆڤایەتی وێران بکەن، کۆبانێ بوو بەو شوێنەی کە ئەستێرەی ئازادی تێیدا لە نوێوە درەوشایەوە.
ئاماژەی بەوەدا، لە شەقامەکانیدا کە بە خوێنی پاڵەوانان نەخشێنرابوو، ئیرادەی ژنی ئازاد نیشانیدا کە هیچ هێزێکی تاریکی ناتوانێت لە بەرامبەر گڕوتینی ژیانی ئازاددا بوەستێت، هەروەک چۆن ئارین میرکان بە بەرخۆدانی خۆی تاوەرەکانی ئەم شارەی کردە مەشخەڵی ڕووناکی، فەرماندە و هەڤاڵە پاڵەوانەکانی وەک گێلهات، دیار باگۆک، ڕێڤان، هەردم، دەستینا قەندیل، ڤیان پەیمان، زەهرە و ئیڤانا هۆفمان، بوونە سیمبولی ئەم تێکۆشانە، ئەمڕۆش هەر ژنێک لە یەپەژە لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەیان بەردەوامە.
جەختی لەوە کردەوە، کە هاوسۆزیی جیهانی و بەشداریی گەرموگوڕی کچان و کوڕانی گەنج لە هەموو چوار پارچەی کوردستاندا، لە سەر هەدەوە بۆ بۆتان، لە گەرمیان و هەولێرەوە بۆ مهاباد و سنە، دەردەخات کە دڵی کوردستان لە کۆبانێدا پێکەوە لێدەدات.
ئاماژەی بەوەدا، کە کۆبانێ بوو بە ویژدانی جیهان، لە ١ی تشرینی دووەمدا، کاتێک گەلانی جیهان لە پاریسەوە بۆ بەرلین، لە نیویۆرکەوە بۆ ئەبیا یالا، لە کۆتاییشدا لە تۆکیۆوە تا ئامەد و قامیشلۆ هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی "هەموومان کۆبانێین"یان دەوتەوە، نیشانیاندا کە بەرخۆدانی کۆبانێ تەنها بەرخۆدانی کوردان نییە، بەڵکو بەرخۆدانی تەواوی مرۆڤایەتیی ئازادیخوازە، ئەم پشتیوانییە جیهانییە ئەو هێزە بوو کە تاریکیی داعشی تێکشکاند.
یەپوژە پەیمانی خۆیان نوێکردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو ژنانەی خۆیان لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکدەخەن، وتی: دووبارە جەخت دەکەینەوە کە بەرخۆدانی کۆبانێ بنەمای سەرکەوتنی گەلەکەمانە، بەڵگەی یەکێتیی ئازادمانە، ئەم دەستکەوتانە سەلماندیان کە ژنان توانایان هەیە خۆیان لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکبخەن، گەلەکەمان، کە لە چوار پارچەی کوردستاندا لە دەوری ئەم هێڵە یەکیگرتووە، توانای هەیە چەرخی سەدەیەکی تەواو بگۆڕێت.
یەپەژە ڕاگەیەندراوەکەیان بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هێڵی بەرخۆدان تا بەدەستهێنانی سەرکەوتن کۆتایی پێهێنا: پەیمانمان بۆ شەهیدانمان و گەلە نیشتمانپەروەرەکەمان ئەوەیە کە تا کۆتایی بەرگری لە هێڵی بەرخۆدان دەکەین، بەهای دەستکەوتەکانی ئەم خاکە بەرز دەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانی بەهێزتر دەکەین، نیشتمانەکەمان دەکەینە مەشخەڵێک لە ڕووناکی لە بەرامبەر هەموو تاریکییەکدا.