لافاو و داڕمانی زەوی لە هیندستان بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٦ کەس

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە هۆی لافاو و زەوی داڕمان، لانیکەم ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پارێزگای ئاسام ڕۆژی ١ی حوزەیران ڕایگەیاند، لافاو و داڕمانی زەوی ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٧٨ هەزار کەس لە ١٧ پارێزگای جیاوازدا بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی خێرا و زەوی داڕمان لە پارێزگاکەدا.

 

بەرپرسان ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژی ٣١ی ئایارەوە باری نائاسایی لە بەشێک لە پارێزگاکەدا ڕاگەیەندراوە. لە جواهاتی، بەشێک لە شارەکە بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک بە شێوەیەکی بەرفراوان ژێرئاوکەوتوون، کارمەندانی فریاگوزاری کاردەکەن بۆ گواستنەوەی دانیشتووان بۆ ناوچە سەلامەتەکان. خەڵکێکی زۆر بێ ئاو و کارەبا لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە.

 

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پارێزگای ئاسام ڕایگەیاندووە، پێنج لە قوربانیانی زەوی داڕمانن هەموویان لە ناوچەی شاری کامروپ بوون.

 

ناوەندی کەشناسی هەرێم سێ پارێزگای ڕۆژئاوای پارێزگاکەی لە ژێر ئامادەباشی سوور، هەشت پارێزگای دیکەی لە ژێر ئامادەباشی پرتەقاڵیدا ڕاگەیاند. بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکانی سەرەوەی ئاوەکانی ئاروناتشال پرادێش و مێغالایا قەیرانی لافاوەکەی لە ئاسام زیاتر کردووە.

 

کیرین ڕیجیجو، وەزیری فیدراڵی و ئەندامی پەرلەمانی پارێزگای ئارون تشال پرادێش ڕایگەیاند، بەهۆی زەوی داڕمانێکی "کارەساتبار" لە پارێزگای ئاروناتشال پرادێش حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

لە شاری مێغالایا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا شەش کەس بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە بارانبارینەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕادیۆی عمومی هیندستان ڕۆژی ٣١ی ئایار ڕایگەیاند کە لانیکەم پێنج کەس بەهۆی زەوی داڕمان لە پارێزگای میزورامی دراوسێی وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.