لا للسكوت.. نعم لكرامة المرأة"...ژنانی سوەیدا دەنگ بەرز دەکەنەوە لە دژی توندوتیژی و کوشتن
کۆڕی "لا للسكوت.. نعم لكرامة المرأة"لە سوەیدا، تیشکی خستە سەر سەرهەڵدانی توندوتیژی خێزانی و تاوانەکانی دژ بە ژنان و نەبوونی لێپرسینەوە، جەختیشی لە گرنگی پەروەردەی دژ بە توندوتیژی و پەرەپێدانی پەیوەندی خێزانی بۆ پاراستنی ژنان کردەوە
ڕۆشێل جونیور
ووەیدا ـ بەشداربووانی کۆڕەکە داوایان کرد لێپرسینەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەنجامدەرانی توندوتیژی بەهێز بکرێت، شێوازەکانی پەروەردەی دژ بە توندوتیژی گەشە پێبدرێت و پەیوەندییەکی خێزانی دروست بکرێت کە ژنان بپارێزێت، هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و پاراستنی مافیان بۆ پارێزراوی و کەرامەت کردەوە.
ڕێکخراوی "المرأة شعلة التنمية" ”ژن چرای گەشەپێدان” ١٣ی ئاب، کۆڕێکی بە ناونیشانی "لا للسكوت.. نعم لكرامة المرأة" "نا بۆ بێدەنگکردن... بەڵێ بۆ کەرامەتی ژنان" ڕێکخست، بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانی سوەیدا، کە دواتر بە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ بەڕێوەچوو بە مەبەستی تیشکخستنە سەر بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی و تاوانە ئەنجامدراوەکان دژ بە ژنان، و جەختکردنەوە لەسەر مافی ژن بۆ پارێزراوی، کەرامەت و ژیان.
کۆڕەکە بە پەیامێکی ڕوون بە ناونیشانی ”كفى” ”بەبسە” دەستی پێکرد، کە ئاماژە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی بێدەنگی بەرامبەر بە توندوتیژی و ستەمکاری دژ بە ژنان، پێویستی گواستنەوە لە قۆناغی بێدەنگییەوە بۆ داواکردنی مافەکان و لێپرسینەوە، بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی شێوازەکانی پەروەردەی دژ بە توندوتیژی کرد لە قۆناغی منداڵییەوە، بەو پێیەی یەکەم هەنگاو لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە ماڵەوە دەست پێدەکات، پێش ئەوەی درێژببێتەوە بۆ کۆمەڵگە، جەختیشیان لەسەر پێویستیی بوونی لێپرسینەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ بۆ ئەوانەی بەشدارن لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژیان کردەوە، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.

نەبوونی لێپرسینەوە کێشەکە گەورەتر دەکات
فەریال سەلیم، سەرۆکی ڕێکخراوی ژن "المرأة شعلة التنمية" ”ژن چرای گەشەپێدان”، ڕایگەیاند، کە ڕێکخراوەکە کارەکانی دەستپێکرد دوای ئەو ڕووداو و کۆمەڵکوژییانەی کە سوەیدا لە تەمووزی ٢٠٢٥ شاهیدی بوو و ئەوەی لەگەڵی بوو لە حاڵەتەکانی ستەمکاری کە ژنانی لە لایەنە جیاوازەکانەوە گرتەوە، هەروەها ژنان لە کاتی قەیرانەکەدا تووشی شێوازی جیاوازی پێشێلکاری بوون، لەوانە ڕفاندن، سەرەڕای بەردەوامیی حاڵەتەکانی ستەمکاری و توندوتیژی وتی: کۆمەڵگە لە ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکدا شاهیدی چەندین حاڵەتی توندوتیژی، کوشتن و دەنگۆ بوو، بە جۆرێک کە هەموو ئەم پراکتیزانە بە شێوازێکی ستەمکاری دژ بە ژنان دادەنرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەوەی جێگەی نیگەرانییە نەبوونی لێپرسینەوەیەکی کاریگەرە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی تاوانەکان، لەگەڵیشیدا چارەسەرکردنی کێشەکە دەبێت بە شێوازێکی زوو دەستپێبکات بە تایبەت لە ناو خێزاندا، لە ڕێگەی ڕۆڵی دایک و باوک لە بونیادنانی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ منداڵەکاندا، جەختیشی لەسەر گرنگیی باوەشپیاکردنی منداڵان و پەیوەندیگرتن لەگەڵیاندا کردەوە، بەتایبەت لە سایەی بارودۆخە فشاراوییەکان کە سوەیدا پێیدا تێدەپەڕێت وتی: ئەو منداڵانەی کە شاهیدی توندوتیژی دەبن لە دەوروبەریانەوە، ئەوانەن کە زۆرترین کاریگەریان لەسەر ئەم بارودۆخانە هەیە، و پەیوەندی خێزانی دەکرێت بەشدار بێت لە دوورکەوتنەوە لە لادان و ڕووداوەکان لە داهاتوودا.
فەریال سەلیم پەیامێکی ئاراستەی ژنان کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، کە مافی هەر ژنێکە کە بەهێز بێت و بژی و بخوێنێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و داوای مافەکانی خۆی بکات، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەکان و بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی کارا.

”توندوتیژی تەنها ناکۆکییەکی خێزانی نییە”
دارین حەکیم، پزیشک وتی: ژن تەنها ”نیوەی کۆمەڵگە” نییە، بەڵکو ئەو نیوەکەی تریش پەروەردە دەکات، بەو پێیەی کە ڕۆح و لێدانی دڵی کۆمەڵگەیە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی دەگرێت لە بونیادنانی خێزاندا.
دارین حەکیم ڕەخنەی لەو پێناسە گرت کە توندوتیژی دەگۆڕێت بۆ تاوانێک کە تەنها ”ناکۆکییەکی خێزانی”یە، بابەتەکە سنووری خێزان تێدەپەڕێنێت و دەبێتە کێشەیەک کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بە تەواوی دەگرێتەوە، وتی: ئامارەکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژ بە ژنان قەبارەی کێشەکە نیشان دەدەن، پرسیاری لە داهاتووی کۆمەڵگە کرد لە ئەگەر لەدەستدانی بەشێکی گەورەی وزە داهێنەر و ئەرێنییەکەی بەهۆی توندوتیژی پیادەکراو دژ بە ژنانەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی دژ بە ژن ناتوانرێت وەک تەنها ناکۆکییەکی خێزانی سەیر بکرێت، بەڵکو کێشەیەکە کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بە تەواوی دەگرێتەوە، د اوای کرد لە قسەکردن لەسەر توندوتیژیکردنی ژنەوە بگوازرێتەوە بۆ بەهێزکردنی، مسۆگەرکردنی ماف و پاراستنی، وەک بنەمایەک لە بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگەدا، وتی: کۆڕەکە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژن و ڕەتکردنەوەی توندوتیژیکردنیان، پێویستی بەهێزکردنی پێگە، چونکە بونیادنانی خێزانێکی پارێزراو بەشداری دەکات لە پەروەردەکردنی منداڵانێک کە پشت بە توندوتیژی نەبەستن وەک ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر.
هەروەها باسی لە بوونی کەلێن لە نێوان یاسا و بیرۆکەکان لە لایەک، جێبەجێکردنیان لەسەر زەوی لە لایەکی ترەوە کرد، بەردەوامیی توندوتیژی و کوشتن، لەوانەش حاڵەتەکانی کوشتنی گەنجان، بە دۆخێکی زۆر مەترسیدار پێناسە کرد کە پێویستی بە چارەسەر و دەرچوونێکی پارێزراوی و ئاشتیانە هەیە کە پارێزراوی کۆمەڵگە بپارێزێت.

جێبەجێکردنی یاسا
لە بەرامبەردا، ئەحلام ئەبو عەساف، نووسەر و ڕۆماننووس، کە نووسینەکانی دەورەی ژن و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا دەگرێتەوە، باسی لە تاوانەکانی ئەم دواییەکرد بەرامبەر بە کچێک کە لەلایەن باوکیەوە کوژرا، داوای جێبەجێکردنی یاسای کرد لە دژ ئەنجامدەری تاوانەکە وتی: چارەسەرکردنی ڕیشەی کێشەکە پێویستی بەوەش هەیە کار بۆ لابردنی چەک لە دەستی خەڵک لە ناو ماڵەکانیاندا بەردەوام بێت، بەو هیوایەی لە نزیکترین کاتدا هەنگاو لەم ئاراستەیەدا بنرێت.
کۆڕەکە لە سایەی بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان لە توندوتیژی خێزانی و تاوانەکان دژ بە ژنان هاتە ئاراوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە پاراستن، لێپرسینەوە، پەروەردە و پەیوەندی خێزانی بخاتە ڕوو، بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە که ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی تەنها لە کاتی ڕوودانی تاوانەکەدا دەست پێناکات، بەڵکو لە ڕێگەی پێشگرتن و پەروەردە و بەرزکردنەوەی پێگەی ژن و جێبەجێکردنی یاساوە دەبێت.