لە ژێر دروشمی "بەرەنگاری هەڵبژێرە" گوگڵ ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆز دەکات

رێکخراوە جیهانییەکان بۆ ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی ژنان دروشمی "بەرەنگاری هەڵبژێرە"یان هەڵبژارد بۆ تێکشکاندنی ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگە هەیەتی بەرامبەر بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

بە دانانی لۆگۆی گرافیکی گۆگڵ DOODLE، گۆگڵ ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆز دەکات، ئامانجیشی تیشک خستنەسەر زنجیرەیەک لە ژنە یەکەمەکانی جیهانە، ڤیدیۆکەی DOODLE ڕێگا خۆشکەرە بۆ نەوەی نوێ تا ببنە یەکێک لە زنجیرەی ژنە سەرکەوتووەکانی جیهان.

 

گوگڵ پێشتر چەندین ڤیدیۆی تری بڵاو کروەتەوە کە ژنی وەک پێشەنگی ئەم یادە لە جیهاندا نیشانداوە، ڤیدیۆکە بەشێوەیەکی کاریگەر دەستێک بەرز دەکات بۆ هەموو ژنان، ڕابردوو، ئێستا و ئایندە، لە ماوەی ٤١ چرکەدا ئەم ڤیدیۆیە ناتوانێت تەواوی مێژووی دادپەروەری ژن نیشان بدات، بەڵام کورتە کلیپێکی تاڕادەیەک بەهێزە کە هەندێک لە چیرۆکەکانی ژنانی جیهان دەخاتە ڕوو.

 

ڕۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩٠٩ لە ئەمریکا وەک "ڕۆژی ژن" یاد دەکرایەوە، لە ساڵی ١٩٧٧ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٨ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرد و بووە یادێکی گرنگ لە مانگی ئازاری هەموو ساڵێکدا.

 

ت.پ