لە زاخۆ ژنێک لە باڵەخانەیەکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە

ئێوارەی دوێنێ لە قەزای زاخۆی سەر بە پاریزگای دهۆک، لە گەڕەکی دەلال ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ خۆی فڕێ دایە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ ٩/١/٢٠٢١ لە قەزای زاخۆی سەر بە پاریزگای دهۆک، لە گەڕەکی دەلال ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ خۆی فڕێ دایە خوارەوە و دەست بەجێ گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە کە تەمەنی ٢٥ ساڵە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکەوە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە، ڤیدیۆی کەوتنە خوارەوەی ژنەکە هەر دوێنی شەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبێتەوە، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ رایگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ کاتژمیر ٦ ئاگادار کرانەوە لە هەبوونی حالەتێکی خۆکوشتن لە یەکێک لە باڵەخانەکانی گەڕەکی دەلال ، کە ژنێکە و خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، پۆلیس و ئاسایشیش لە شوێنی ڕووداوەکە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەستکەوتوون تەنها ئەوە زانراوە ئەو ژنە تەمەنی ٢٥ ساڵە و تا ئێستا ناسنامە و خێزانی دیار نییە.

 

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ساڵی ٢٠٢١ دا ٩ کەس لە سنوری پاریزگای دهۆک خۆیان کوشتوە، ٥ کەسیان لە ناو کامپی ئاوارە یەزیدیەکاندا بوون، ٤ کەسی دیکەش لە شوێنە جیاجیاکانی دیکەی دهۆک، ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە گەنجن و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵیدایە .

 

ت.پ