ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: لە ئێران زیاتر لە ٧٤ ژن و منداڵ کوژراون

ڕێکخراوی لێبووردنی نێوەدەوڵەتی ئاشکرایدەکات، بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە هەر دوو وڵاتەکەدا لە بەرزبوونەوەدایە کە تەنها لە ئێران زیاتر لە ٧٤ ژن و منداڵ کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

 

ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـی ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.

 

ئەنیس کالامارد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی مەدەنی بەهۆی شەڕی نیوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە هەر دوو وڵاتەکەدا لە بەرزبوونەوەدایە کە تەنها لە ئێران زیاتر لە ٧٤ ژن و منداڵ کوژراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێگرتن لە ئازاری زیاتر دەبێت لەپێشینە بێت نەک بە دواداچوونی ئامانجی سەربازی و جیۆپۆلەتیک، بەردەوامی ئەم هێرشانە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران هاوڵاتی دەکات و قەیرانی فراوانتری لێی دەکەوێتەوە لە ناوچەکەدا.

 

وتیشی: بە توندی ئیدانەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە ئێران و سانسۆری میدیا لە ئیسرائیل دەکەین و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دەکەین.