"هیچ ڕزگارکەرێک نایەت پێویستە گەلی ئێران یەکگرتوو بن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان"

دوابەدوای هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاردانەوەکان تێکەڵاو بوون، یەڵدا ئەحمەد، پزیشکی دەروونی و چالاکوانی مافەکانی ژنان دەڵێت: هیچ ڕزگارکەرێک نایەت پێویستە گەلی ئێران یەکگرتوو بن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان-هەرچەندە هەندێک پێیان وایە کە هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران، بەڵام لە دوورەوە وا دیارە هێرشێکی ڕوونە بۆ سەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەم هێرشە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکاوە پشتیوانی لێکرا، هاوشێوەی ئەزموونی ئەفغانستانە، لەژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، ئەنجامەکەی پاڵنانی وڵات بوو بەرەو لەناوچوون و گەندەڵی و توندوتیژی.

 

لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا، بوونی سەربازی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، چەندین دیاردەی دروستکرد، لەوانە توندوتیژی بەربڵاو لە دژی ژنان، کوشتنی سیستماتیکی ڕۆشنبیران، گەندەڵی پێکهاتەیی و ئەخلاقی، بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر کە وێنەیەکی بێ وێنەیە، زیادبوونی بێ وێنە لە ژمارەی دانیشتوانی مەدەنی، دامەزراندنی خوێندنگە ئاینییە توندڕەوەکان، چڕبوونەوەی ململانێی نەتەوەیی و تائیفی، و دامەزراندنی گەندەڵکاران و حکومەتە بێکاریگەرەکان، دواجار کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان جارێکی تر وڵاتەکەی بە دەستی تاڵیبانەوە جێهێشت، گروپێک کە لە ئایدۆلۆژیا و هەڵسوکەتدا زۆر جیاواز نەبوون لە فەرمانڕەواکانی ئێران، یەکەم قوربانی گەڕانەوەیان ژن و ڕۆشنبیران بوون.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەزموونە، سروشتییە کە زۆرێک لە ئەفغانییەکانی ئەمڕۆ لە خەمی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە ئێراندا بن، ئەوان پێیان وایە ڕووخانی ڕژێمێکی سەرکوتگەر تەنیا کاتێک دەتوانێت ببێتە هۆی ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئەگەر پێشەنگایەتی لە دەستی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆیدا بێت نەک زلهێزە دەرەکییەکان، بە تایبەت ئەگەر ئەم پێشەنگایەتییە لە ناو تەڤگەرەکانی وەک ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی و لە ڕێگەی ژنانی بوێری ئێرانییەوە بێت، هیوای ئایندەیەکی گەشاوەتر ڕاستیتر دەبێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافی ژنان، لە قسەکانیدا شیکارییەکی ڕوونی سەبارەت بە دۆخەکە پێشکەش کرد: بەڵێ، پێدەچێت هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم، ڕەنگە تەنانەت ڕووخانی تەواوەتی ڕژێمیش بێت،بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە دواتر چی ڕوودەدات، چارەنووسی گەلی ئێران چی دەبێت؟ کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست؟ کاردانەوەی ئەم هێرشە چی دەبێت بۆ سەر ئێران، گەلی ئێران؟چونکە بە درێژایی مێژوو سەلماندی کە هەر وڵاتێک بە بیانووی هێنانەدی گۆڕانکاری و باشترکردنی دۆخەکە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتێکی دیکەدا بکات، هیچ وڵاتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هیچ شتێک بە وڵاتێکی دیکە ناکات، گرنگی  چارەنووسی گەلی ئێرانە لە دوای ئەوە.

 

سەبارەت بە جیاوازی نێوان هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران  یەڵدا ئەحمەد وتی: هەندێک جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو هێرشەی ئەمریکا ٢٤ ساڵ لەمەوبەر کردیە سەر ئەفغانستان و ئەو هێرشەی ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجامیاندا، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشداری کرد و لە ژێر دروشمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان هاتە ناو ئەفغانستانەوە و تاڵیبانی لەناوبرد، بەڵام دەسەڵاتی ڕادەستی گروپێکی تری تاوانبار کرد کە ئەمەش وایکرد ئەفغانستان لە دۆخێکی خراپەوە بەرەو خراپتر بڕوات، نەهامەتی و پرسی زیاتری لێکەوتەوە.

 

ڕژێمی ستەمکاری ئێران... گەلی ئێران لەو ڕژێمە بێزارە

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە ئێران کە هێرشەکە ڕوویدا، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی نەبوو، بەڵام بۆچی؟ ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆی بەرچاوی هەبوو، هەرچەندە لە دەرەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پشتیوانی هێرشەکە ناکات یان بەشداری تێدا ناکات، بەڵام بۆ هەمووان ڕوونە کە هێزەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا هێرشەکەیان ئەنجامداوە، زلهێزە ئیمپریالیستەکان و وڵاتانی ئیمپریالیست هەموویان یەکگرتوون هەر تاوانێک کە دژی گەلانی لاواز و هەژار ئەنجام بدرێت بە هەماهەنگی تەواو لە نێوانیاندا ئەنجام دەدرێت.

 

یەڵدا ئەحمەد کورتەیەک لە ئەزموونی خۆی لە ماوەی بیست ساڵەی ئامادەبوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان وت: من وەک ژنێکی ئەفغانی بە قووڵی هەستم بەم ڕاستییە کردووە، بە ڕوونی و ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم کە هیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانێت فریادڕەس بێت، نە ناتوانێت بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتێکی دیکە بهێنێت، ڕوونە کە ڕژێمی ئێران ڕژێمێکی مرۆڤکوژ و ستەمکارە،بە کوشتن و دڕندەییەکانی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. گەلی ئێران لەم دۆخە بێزارە و هەمووان خوازیاری ڕووخانی ئەم ڕژێمەن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ڕۆڵی ناوەندییە کە دەبێت هاوڵاتیانی ئێران خۆیان بیگێڕن، نە ئیسرائیل و نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی تر ناتوانن ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ئێران بهێنن، بەڵکو تەنها گەلی ئێران خۆیان.

 

هاوڵاتیانی ئەفغانستان نیگەرانن لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیەی کە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا

ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەفغانستان هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، بە ئەزموونێکی تاڵدا تێپەڕیوە، شتێکی سروشتییە کە ئەفغانییەکانی ئەمڕۆ نیگەران بن لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە ئێران، ٢٤ ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئەمریکا هێرشی بۆ سەر ئەفغانستان دەستپێکرد، تاڵیبان لە دەسەڵاتدا بوو، ئەمریکا وتی دێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی تاڵیبان، گەرەنتی مافەکانی ژنان و مرۆڤ، بەڵام لەسەر کۆرسی ٢٤ ساڵ، گەلی ئەفغانستان بینی کە تیرۆر نەماوە، بەڵکو بەهێزتر و بەربڵاوتر بوو پاشان، لە شەوێکدا، هەموو شتێک داڕما، تاڵیبان گەڕایەوە سەر دەسەڵات لەمڕۆشدا، هاوکاری دارایی زۆریان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە دەسەڵاتی ستەمکارانە و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، لەکاتێکدا تاوانکاری دژی ژنان و گەلی ئەفغانستان ئەنجام دەدەن، جگە لە خودی گەلی ئێران و چەکدارانی ئێران کە دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن، ئەم گۆڕانکاریانە بهێننە ئاراوە.

 

یەڵدا ئەحمەد ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی شەڕی بەردەوامی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان کرد، وتی: ئەم شەڕە و قەیرانی ئێستا کاردانەوەی قووڵی دەبێت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیکە، چونکە ئەم دوو وڵاتە بەیەکەوە گرێدراون، زلهێزە ئیمپریالیستەکانیش هەمیشە پێویستیان بە بیانوویەک هەیە بۆ درێژەدان بە تاوانەکانیان، ئێمە جار و بار دەبینین کە ئەم وڵاتانە، بەتایبەتی ئەمریکا، بەدوای هۆکاردا دەگەڕێن بۆ دەستپێکردنی هێرش، لە ئەفغانستانەوە تا عێراق و سووریا، و ئێستاش ئێران، هەموویان بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی دەسەڵاتی ستەمکارانەیان، مێژوو دەریدەخات کە ئەم شێوازە بەردەوام دەبێت، وڵاتانی دیکەش لە تاوانەکانیان بێبەری نابن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکەش هەیە، بەو پێیەی ئەو وڵاتانەی خۆیان بە زلهێز دەزانن ڕۆڵ دەبینن لەم یارییە سیاسییەدا، هەوڵدەدەن جیهان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بەجۆرێک دۆڕاو و براوە هەبن، ئەمەش وایان لێدەکات کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وڵاتاندا بسەپێنن، دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن بەپێی خواستی خۆیان.

 

پەیامێک کە داوای زیادکردنی خێرایی بەرخۆدان و خەباتی کۆمەڵانی دەکات

لە کۆتایی قسەکانیدا یەڵدا ئەحمەد پەیامێکی بۆ گەلی ئێران و ئازادیخوازانی ئێران نارد،وتی: وەک ژنێکی ئەفغانی کە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر هێرشەکانی ئەمریکای بەسەر بردووە و لێکەوتەکانی لە وڵاتەکەیدا بینیوە، باوەڕم وایە کە جگە لە خودی گەلی ئێران هیچ فریادڕەسێک نییە، هاوڵاتیانی هۆشیار، کە زۆرینە پێکدەهێنن و دژی ڕژێمی ستەمکار لە ئێران خەبات دەکەن، تاکە کەسن کە دەتوانن خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ وڵاتەکەیان بهێنن، خۆڕاگرییان لە ناو زیندانە ترسناکەکانی ئێران و خەباتی ڕۆژانەیان تاکە ڕێگای ڕزگاربوونیان نییە، نە ئیسرائیلییەکان، نە هیچ وڵاتێکی دیکەش ناتوانن ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران بهێنن.