لە ئێران ڕێگری لە یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩٨٨ دەکرێت

ڕژێمی ئێران لە ٣٨ەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی، ڕێگەی نەدا خێزانەکان بچنە سەر گۆڕستانی گوڵزاری خاوەران. خێزانەکان لە پشت دەرگای داخراوی گۆڕستانەکەوە بە وتنی سروود و بەرزکردنەوەی وێنەی ئازیزانیان، چالاکییەکی یادکردنەوەیان ساز کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٦، لە ٣٨ەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسیی زیندانەکانی ئێران، کۆمەڵێک لە خێزانەکان بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانەی لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا لەسێدارە درابوون، داوای دادپەروەرییان کرد. ئەو خێزانانەی بۆ یادکردنەوەی ئازیزانیان سەردانی گۆڕستانی گوڵزاری خاوەرانیان کردبوو، جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەوە.

 

هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی ڕێگری لە خێزانەکان بکەن سەردانی گۆڕی ئازیزانیان بکەن، دەرگای گۆڕستانەکەیان داخست. خێزانەکانی زیندانییانی سیاسی لە پشت دەرگای گۆڕستانەکەوە گوڵ و وێنەی ئازیزانیان دانا و بە سروود وتن یادیان کردنەوە.

 

کۆمەڵکوژی لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕووی دا

 

دوای شۆڕشی ئێران، لە کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی هەشتاکان و بەتایبەت لەسێدارەدانەکانی ١٩٨٨دا، توندترین فشار لە زیندانەکاندا ئەنجام درا. لە کاتی ئەم کۆمەڵکوژییانەدا، هەزاران زیندانیی سیاسیی سەر بە پارت و گرووپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن—کە هەندێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپابوو، هەندێکیان سزاکەیان بەسەر دەبرد و هەندێکی تریشیان چاوەڕێی ئازادکردن بوون—لە ڕێگەی دادگاکانی لێکۆڵینەوەی کورتخایەنەوە کە وەک "لیژنەکانی مەرگ" ناسرابوون، بەکۆمەڵ دادگایی کران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

خێزانەکان داوای دادپەروەری دەکەن

 

دوای ٣٨ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکە، خێزانەکان هێشتا بۆ ئازیزانیان داوای دادپەروەری دەکەن و بۆ یادکردنەوەیان سەردانی گۆڕستانی خاوەران دەکەن و یادیان بەرز ڕادەگرن. لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەم خێزانانە ڕووبەڕووی هەڕەشە، دادگاییکردن و تێکدانی گۆڕی ئازیزانیان بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو فشارەکان لە داواکارییەکانیان بۆ دادپەروەری و دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەم تاوانەدا پێداگرن.