لە سلێمانی یادی شەهیدانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە
لە سەکۆی ئازادی لە شاری سلێمانی، مەراسمێک بۆ شەهیدانی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو دووپاتکرایەوە، کە قۆناغی ئاشتی بە هۆی قوربانییەکانی شەهیدانەوە لە ئێستادا هەیەو درێژە بە تێکۆشانی شەهیدان دەدرێت.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان، پلاتفۆرمی ژنانی باشوور، بە مەراسیمێک یادی شەهیدانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان کرایەوە، مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بەبێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشانی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن خانەوادەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا و لەبەردەم وێنەی شەهیداندا گوڵ دانرا.
دوای ئەوە، فەوزیە حەمید، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوور، وتەیەکی پێشکەش کردو ڕایگەیاند، شەهیدبوونی ئەو جەنگاوەرانەی تەڤگەری ئازادی بووە هۆی یەکڕیزی و سەرکەوتنی گەلی کورد، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٠٠ شەهید ڕاگەیاندراوە لە باکووری کوردستان و دەبینین گەل خاوەنداریی لەو شەهیدانە کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم قۆناغەی کە ئێستا هەیە بە هۆی قوربانیدانی شەهیدانەوە هەیە و بەڵێن دەدەین دریژە بە تێکۆشانیان بدەین و هیچ کات پاشگەز نەبینەوە.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، ئاڤان کەریم، لەسەرناوی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان سەرەخۆشی لە گەلی کورد کرد و وتی: لە هەوڵدا دەبین بۆ ئەوەی گەل لە هەنگاونان بۆ ئازادیی بەردەوام بێت و ڕێگای شەهیدان ون ناکەین و بەردەوامی بە ڕێبازەکەیان دەدەین.
دواتر وتاری پلاتفۆڕمی ژنانی باشووری کوردستان لە لایەن شێنێ محەمەد، ئەندامی پلاتفۆڕمەکە خوێندرایەوەو تێیدا هاتبوو: خوێنی شەهیدانی باکوور و ڕۆژئاوا پێمان دەڵێت کە ئێمە یەک گەل، یەک خەم و یەکچارەنووسمان هەیە، کاتێک کۆبانی و عەفرین هاواریان دەکرد دڵی سلێمانی و هەولێر لێی دەدا، کاتێک ئامەد و دێرسیم بەرگرییان دەکرد، ئاسۆی ڕزگاری لە تەواوی کوردستاندا ڕووناک دەبووەوە، ئێمە لە باشووری کوردستانەوە سەری ڕێزو نەوازش بۆ دایکان و باوکانی شەهیدان لە باکووری کوردستان دادەنەوێنین کە قوربانی هەرە گەورەیان پێشکەش بە خاک کردووە، هیوای سەرکەوتن بۆ پرۆسەی ئاشتییەکی دادپەروەرانە دەخواین، شەهیدانمان تەنیا لە پێناو خاکدا نەجەنگان، بەڵکوو ئەوان شۆڕشێکی فیکری و کولتووری گەورەیان بەرپا کرد، ئەمڕۆ كە هاوكاتی یادی شۆڕشی مەزنی “ژن، ژیان، ئازادی”ـیە كە لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەستیپێكردو جیهانی هەژاند، بەرهەمی عەقڵ و قوربانیدانی ئەو کچ و کوڕانەیە، کە لە شاخەكان، لە دەشت و شارو كۆڵانەكانی كوردستان خەباتیان كرد و گیانی خۆیان بەخشی و نەیانویست کۆمەڵگە لەژێر سایەی چەوساندنەوەدا بژى، ئەو شۆڕشە نیشانیدا کە ئازادی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە لە ئازادی و پێشەنگایەتی ژنانەوە دەستپێدەکات.