لە ئێران دەستگیر کردن و کوشتنی ژنان بەردەوامی هەیە

لە ئێران توندوتیژی سەر ژنان بەردەوامی هەیەو دوو ژنی بەهایی دەستگیر کراون و هێزە ئەمنییەكان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو ژنی دیکەش، ژنە مامۆستایەکی بەلووچیش کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە دەستگیر کردن و کوژرانی ژنانی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەریدە جەباری، کە هاوڵاتییەکی بەهاییە و دانیشتووی شاری بوشەهری ئێرانە، دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرتووە.

 

باس لەوەشكراوە، ژنێکی دیکەی بەهایی ئێران بە ناوی نازەنین عابدینی دانیشتووی شارۆچکەی قەیمشەهری سەر بە پارێزگای مازندەران بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا، هێزە ئەمنییەکان شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو ماڵەکەیەوە و پاش گەڕانێکی ورد لە ماڵەکەیدا هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی و ئەلیکترۆنی دەستی بەسەردا گیراوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی گوڵریز نوورانی تەمەن ٣٩ ساڵی دانیشتووی شاری قەزوین، بە مەبەستی گەڕان و دەستگرتن بەسەر بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی، ئەوەش دووەم جارە ماڵەکەی دەپشکنرێت، هەروەها ژنێکی خەڵکی خوزستان بە ناوی دوونیا حوسێنی لەدایکبویی ساڵی ١٩٨٩ دانیشتووی شاری تارانی پایتەختی ئێران ماوەی ١٣ ڕۆژە بە بێ هیچ تۆمەتێک لە زینداندایە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ١٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا دوونیا حوسێنی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تاران بە بێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و دواتر بۆ زیندانی ئەوین گواسترایەوە، بەڵام دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین، ئەو ژنە زیندانییە بۆ زیندانییەکی دیکە گواستراوەتەوە، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی چەندین جار دەستگیر کراوە و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە كراوەتەوە.

 

هەروەها ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو حەسەنیە کەلەکلی تەمەن ٤١ ساڵ و مامۆستای بەلووچ و دانیشتووی گوندی سۆراپ لە پارێزگای ئێرانشار، لە نەخۆشخانەی خاتەم ئەلئەنبیە لە زاهیدان گیانی لەدەستدا.

 

لە ١٩ی حوزەیرانیشدا ئەو ژنە مامۆستایە لە کاتی تەقەی هێزێکی نەناسراو لە نزیک گۆڕەپانی نیشتەجێبوونی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە تووشی هەوکردن بووە.