بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین ٧١ کەس کوژراون
راگەیەندرا بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین ٧١ کەس کوژراون، ببینای زیندانەکەش زیانی بەرکەوتووەو داڕماوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران، زیندانی ئێڤین لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکرا و بەو هۆیەوە زیندانییان بۆ زیندانی گەورەی تاران و زیندانی قەرچەک گواسترانەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی سەر زیندانەکە، ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی دەزگای دادوەری ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئێرنای وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین لە شاری تارانی پایتەختی ئێران ٧١ کەس کوژراون.
وتیشی: کوژراوەکان بریتین لە، فەرمانبەرانی زیندانەکە، ئەو گەنجانەی لە خزمەتی سەربازیدا بوون، ژمارەیەک لە زیندانیانی زیندانیکراو، کەسوکاری تۆمەتباران، کە بۆ سەردانیکردنی زیندانییەکان هاتبوون، هەروەها ژمارەیەک لە دانیشتووانی دراوسێی زیندانەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل زیانی زۆر بە بینای زیندانەکە گەیشتووە و ژووری چاوپێکەوتن و بینای داواکاری گشتی زیندانەکە داڕماون.