لە یەمەن: تێکۆشانێکی بەردەوام بۆ بەهێزکردنی توانای بڕیاردان و پێشەنگایەتیی ژنان لە سیاسەتدا
سیمیناری ڕاوێژکاری لە شاری "تەعیز" جەختی لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان، تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و لابردنی ئەو ڕێگرییانە کردەوە کە دەبنە کۆسپ لە بەردەم سەرکردایەتیی ژناندا.
رانیا عەبدوڵا
یەمەن – بەشداربووانی سیمینارە ڕاوێژکارییەکەی شاری تەعیز، جەختیان لەسەر پێویستیی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ناو حیزبە سیاسییەکانی یەمەندا کردەوە. ئاماژەیان بەوەش دا کە پێویستە تواناسازیی ژنان لە ئاستە جیاوازەکانی ڕێکخستندا بەهێز بکرێت، هاوکات لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەی کراوەوە کە پاڵپشتیی بەشداریی سیاسییان بکات و بوونیان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا گەرەنتی بکات، توانای ئابوورییان چالاک بکرێت.
دەستپێکردنی پڕۆژەی "سەرکردایەتی و کاریگەریی ژنان
دەزگای گەشەپێدانی لاوانی سەبا , بە هاوکاریی ڕێکخراوی هاوبەشانی یەمەن ، لە ٩ی تەممووزدا لە شاری تەعیز شارێک لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، سیمینارێکی ڕاوێژکاریی کراوەی بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پڕۆژەی سەرکردایەتی و کاریگەریی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا ڕێکخست.
سیمینارەکە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، تاوتوێی ئەولەوییەتەکانی بەڵگەنامەی ڕێبازی سیاسیی "سیاسەتەکانی پشت ڕووناکی" کرد. ئەم کۆبوونەوەیە بەردەوامیی قۆناغی یەکەمە، کە تێیدا دە ژن لە بوارە جیاوازەکاندا مەشق و ڕاهێنانیان پێکرا و بەڵگەنامەیەکی سیاسییان ئامادە کرد کە گوزارشت لە دیدگای ئەوان دەکات بۆ بەهێزکردنی بەشداریی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا.
کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ سەرکردەی شەش حیزبی سیاسی
نەجاح ئەلسوفیانی، ڕێکخەری پڕۆژەکە، باسی لە پاشخانی ئەو کارانە کرد کە ئەنجام دراون: "لە قۆناغی یەکەمدا، سەرنجمان خستە سەر مەشق و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا، هاوکات بەڵگەنامەی ڕێبازی سیاسیی پڕۆژەکەشمان نووسیەوە."
سەبارەت بە پرۆسەی کارکردن لەسەر زەوی و لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە حیزبە سیاسییەکاندا، ڕوونی کردەوە کە ئەوان بەڵگەنامەیەکی سیاسییان ئامادەکردووە کە ژنان دەکاتە ئامانج، کۆبوونەوەی چڕی گروپەکان و چاوپێکەوتنی قووڵیان ئەنجامداوە، هەروەها کۆبوونەوەی تاکەکەسییان لەگەڵ سەرکردەی شەش حیزبی سیاسیی پارێزگای تەعیز (ئەلڕەشاد، ناسری، ئیسڵاح، کۆنگرەی گشتیی گەل، یەکێتیی هێزەکان، و حیزبی سۆسیالیست) ڕێکخستووە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم هەوڵانە بوونە هۆی دروستبوونی چەندین پێشنیازی جیاواز کە لە بەڵگەنامەی "سیاسەتەکانی پشت ڕووناکی"دا جێگیر کراون.
تێکشکاندنی بەشداریی ڕواڵەتیی ژنان
سەبارەت بە ئامانجەکانی قۆناغی ئێستا و کۆکردنەوەی پشتگیری، سوفیانی ڕایگەیاند کە ئامانجیان جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو بەڵگەنامە سیاسییەیە کە لە قۆناغی پێشووەوە بەدەست هاتووە، و سیمینارە ڕاوێژکارییە کراوەکەش بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە و هەڵسەنگاندنی ئەولەوییەتە سیاسییەکان بووە. لە سیمینارەکەدا سەرکردە سیاسییە باڵاکان، ژنانی چالاک لە بواری سیاسەتدا و ئەو چالاکوانانەی گرنگی بە بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتیدا دەدەن، ئامادە بوون.
وەک بەشێک لە ئامانجەکانی پڕۆژەکە، ئەم چالاکییە دەیەوێت تێگەیشتنی "بەشداریی ڕواڵەتی و شکڵیی ژنان" تێکبشکێنێت و سەرکردە ژنەکان بهێنێتە پێشەوەی ناوەندەکانی بڕیاردان و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی حیزبە سیاسییەکان. سوفیانی جەختی کردەوە کە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە سەرکردە ژنەکان لە بەڕێوەبردنی باڵا و میکانیزمەکانی بڕیاردانی حیزبە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی کارا بگێڕن. ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە ئێستا هەندێک ژن لە ناو حیزبەکاندا بەشدارن، بەڵام لە پێگەی بەڕێوەبردن یان بڕیارداندا نین، کە ئەمەش تەنها نوێنەرایەتییەکی ڕواڵەتییە (پۆستێکی شکڵییە)، و سیستمی کۆتاش لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا جێبەجێ ناکرێت.
پێویستی بە بودجەی کراوە و تواناسازی
سەبارەت بە ئەولەوییەتە ناوخۆییەکانی حیزبەکان، هودا ئەلحەیدەری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی یەکێتیی ناسری، ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ تیشکخستنە سەر تواناسازیی ژنان لە ئاستە جیاوازە سیاسییەکانی ناو حیزبەکاندا. هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی توانای ئابووریی ژنان لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەی کراوەوە لە ئاستە جیاوازەکانی ڕێکخستندا.
حەیدەری پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەو پێشنیازانە نیشان دا کە لە سیمینارەکەدا خرانە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنیان پێگەی ژنان لە ناو حیزبە سیاسییەکانی تەعیز و لەسەر ئاستی نیشتمانیش بەهێزتر دەکات.
کۆسپە کۆمەڵایەتییەکان و باڵادەستیی پیاوان لە بەڕێوەبردندا
پارێزەر و چالاکوان، شیناز ئەلئاخالی، باسی لەو کۆسپە پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتییانە کرد کە ژنان لە کایەی سیاسیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و گوتی: "گەورەترین کۆسپ، ئەو سەرکردایەتییە نێرینەیەیە کە بەسەر بەڕێوەبردنی حیزبە سیاسییەکاندا زاڵە. ئەم پێکهاتەیە ڕێگا بە بوونی ژنان نادات. سەرەڕای ئەوەش، ژنانی لێهاتوو هەن کە دەتوانن ئەم پۆستانە بگرنە ئەستۆ، بەڵام ئەو ناو و بیانووەی دەهێنرێتەوە ئەوەیە کە ژنان لێهاتنی پێویستیان نییە."
لە ڕووی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان و نموونەی سەرکردایەتییەوە، ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکان، نەویستنی کۆمەڵگەیە بۆ قبوڵکردنی ژنان لە حیزبە سیاسییەکان یان لە پۆستە سەرکردایەتییەکاندا.
حیزبە سیاسییەکان بارودۆخی شەڕ وەک بیانوو بەکاردەهێنن
شیناز هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد سەبارەت بەوەی ژنان چۆن بەرپرسیارێتی و مافەکانی خۆیان لە ناو حیزبەکاندا بەدەست دەهێنن، و ئاماژەی بەوە دا کە زۆرێک لە ژنانی لێهاتوو خۆیان کۆسپ بۆ خۆیان دروست دەکەن، ناتوانن بە پێویست ڕووبەڕووی حیزبەکان ببنەوە و دیدگایەکی ڕوون بۆ پاراستنی مافەکانیان پێشکەش ناکەن. لە کۆتاییدا گوتی: "حیزبە سیاسییەکان بارودۆخی شەڕ وەک بیانوو بەکاردەهێنن بۆ ڕەواییدان بە دوورخستنەوەی ژنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵی سیاسییان.