لە ئەفغانستان ژنان و منداڵان بارگرانی کارەساتە سروشتییەکان و فشارە ناوچەییەکان هەڵدەگرن
قەیرانی مرۆیی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستاندا خراپتر دەبێت، چونکە کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان بەهۆی ئاوارەبوونەوە زیاتر دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەفغانستان لەم دواییانەدا بوومەلەرزەی وێرانکەری لێکەوتەوە کە سەدان کوژراو و هەزاران بریندار و ئاوارەی لێکەوتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، پێویستی بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە چڕتر دەبێتەوە، چونکە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، ڕووبەڕووی کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و جلوبەرگ و خۆراک و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەبنەوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ژنان و منداڵان لە ئێستاوە بەدەست هەژاری و هەڵاواردنی پێکهاتەیی و ڕەگەزییەوە دەناڵێنن، ئێستا لە پێشەنگی قەیرانی مرۆییدان، ئەوان تووشی نەخۆشییە درمیەکان و بەدخۆراکی توند و ناجێگیری دەروونی دەبن کە لە ئەنجامی ترس و ئاوارەبوونەوە دروست دەبن، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست دەکات و دەستێوەردانی خێرا دەکاتە شتێکی ڕەها.
ئەمساڵ ئەفغانستان دوو بوومەلەرزەی وێرانکەری بەخۆیەوە بینی کە لێکەوتەی قەرەبوو نەکراوە و کارەساتباریان بەجێهێشتووە، لە ڕۆژهەڵاتیش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٠ پلە ڕوویدا و زیاتر لە ٢٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٣٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی ٧ هەزار ماڵی بە تەواوی وێران کرد، لە باکووریش بوومەلەرزەیەکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٧ کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس و ٣ هەزار ماڵیشی وێران کرد.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سنووردارکردنی دامەزراندنی کارمەندانی ژن بووەتە هۆی خاوبوونەوەی هەوڵەکانی فریاگوزاری، ئەمەش وایکردووە گەیشتن بە ژنانی پێویست لە زۆر بواردا لەڕادەبەدەر قورس بێت و قەیرانی مرۆیی توندتر کردووە.
جگە لەو کارەساتە سروشتیانەی کە ئەفغانستانی گرتووەتەوە، ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە کە قەیرانی مرۆیی خراپتر دەکات، دوابەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی ئەفغانییان بە زۆرەملێ دیپۆرتکردەوە.
زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی دیپۆرت دەکرێنەوە ژن و منداڵن و لە ناوچە سنوورییەکان و پارێزگا کارەساتبارەکاندا بێ پەناگە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماونەتەوە، ئەوان لە بارودۆخی ژینگەیی و ژیانێکی سەختدا دەژین، سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک شوێنی مانەوە و خۆراک و چاودێری تەندروستییان نییە، ئەمەش مەترسی برسێتی یان بەستنیان لەسەرە تا مردن.
ئەم پێکهاتانە سستی ژێرخانی یارمەتییەکان لە ئەفغانستان ئاشکرا دەکەن و جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی دەستێوەردانی مرۆیی خێرا دەکەنەوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکە بۆ کارەساتێکی مرۆیی فراوانتر.