بەهۆی نەخۆشی کۆلێراوە ژیانی هەزاران هاوڵاتی یەمەنی لە مەترسیدایە

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە یەمەن زیاتر لە ٢٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرای تۆمارکردووە، ئەمەش وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی قورسەوە و لە قەیراندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی ئابووری، شەڕ، لاوازی سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، جگە لە کەمیی زۆری پێداویستییە سەرەتاییەکان، هەموو ئەو هۆکارانەن کە بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لەناو دانیشتوانی یەمەن.

 

لە ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامیدا، پشتڕاستیکردەوە کە تووشبووانی کۆلێرا لە یەمەن بۆ زیاتر لە ٢٠ هەزار حاڵەت بەرزبووەتەوە، زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە باکووری ئەو وڵاتەن.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە یەمەن لەژێر مەترسی زۆری بلاوبوونەوەی کۆلێرادایە، کە مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست کردووە و ڕەنگە ببێتە هۆی مردن، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەو خێراییە لەم ماوەیەی دواییدا دوای ئەوەی دەیان حاڵەتی مردن و تووشبوونی نوێ لە وڵاتدا تۆمار کراوە ئەگەری هەیە حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان زیاتر ببن.

 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە ژیانی هەزاران دانیشتووی یەمەن لە مەترسیدایە دوای ئەوەی پەتاکە زۆر بە خێرایی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت تیمەکانی فریاگوزاری خێرا هەنگاو بنێن و ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی بەردەوامی یەمەن بۆ زیاتر لە دە ساڵە بووەتە هۆی ئەوەی کە قەیرانی ئابووری و لاوازکردنی سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتیەکانی دیکە لە وڵاتەکەدا، جگە لەوەش، تیمە پزیشکییەکان ڕووبەڕووی کەمیی توندی پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە، و لە خەباتدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆلێرا.

 

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە پەتای کۆلێرا بە تایبەتی لەو ناوچانە بڵاودەبێتەوە کە ئاوی پاک و ئاوەڕۆی دروستیان نییە، جەختیشی لەوەکردەوە پەتاکە ئەگەر دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت دەبێتە پەتایەکی کوشندە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پەروەردەی تەندروستی کۆمەڵایەتی بەهێزکردووە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە داهاتوودا، داوای هەواڵدان بۆ بازنەی وەڵامدانەوەی و دابینکردنی بودجەی زیاتری کرد بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتا کوشندەکە.