دوای لافاو هۆشداریی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە کینیا  دەدرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا لەناو دانیشتوانی کینیادا دەربڕی، ئەوەی دوای ئەوەی دێت کە دەیان حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکران.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆلێرا هەوکردنێکی توندی ڕیخۆڵەیە کە لە ئەنجامی خواردنی خۆراک یان ئاوی پیسەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی وشکبوونەوە و لە هەندێک حاڵەتدا مردنیشی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر چارەسەری خێرا بەردەست نەبێت و مەترسی لەسەر منداڵان دروست دەکات.

 

دوای چەند هەفتەیەک لە بارانبارین و لافاوێکی زۆر و تۆمار کردنی دەیان حاڵەتی کۆلێرا لە وڵاتی کینیا، دوێنێ ٨ی ئایار، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەرهەڵدانی پەتای کۆلێرا لەو وڵاتە.

 

بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ٤٤ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە ناوچەی تانا لە ڕۆژهەڵاتی کینیا تۆمارکراوە، کە بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری لافاوی لێکەوتووەتەوە کە وڵاتەکە شایەتحاڵی بووە.

 

لە بەرامبەردا ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کینیا دووپاتیکردەوە کە بە هاوکاری حکومەت و هاوبەشە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ڕابردوودا توانیویانە نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

ئەو لافاوانەی کینیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شاهیدی بووە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٣٨ کەس، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بێ پەناگە ماونەتەوە، بارانبارینی وەرزیش کە لە چڕی ئاسایی خۆی تێپەڕیوە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.