لە ئەفغانستان هێرشەکانی پاکستان و قەدەغەکردنی پزیشکی ژن بەردەوامی هەیە
لەنێوان شەپۆلێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی پاکستان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان، سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ سەر پزیشکی ژن بە توندی ئاستەنگی لە دابینکردنی یارمەتییە پزیشکییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی دروستکردووە، ژیانی ژنان و منداڵانی خستۆتە مەترسییەوە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی پاکستان بۆ سەر بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان نیگەرانییەکی بەرفراوانی دانیشتووانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.
ئەم هێرشانە کە وەک ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاساویان بۆ دانراوە، ناوچە مەدەنییەکانی خستۆتەوە ناو دۆخێکی نائەمنی و ترس و ناسەقامگیرییەوە، دانیشتووانی ناوچەکە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، یەکەم زیانبەرکەوتووی ئەم گرژییانەن، چونکە ماڵ و کێڵگە و ژیانی ڕۆژانەیان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرە.
پێشتریش گرژیی سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان چەندین جار بووەتە هۆی پێکدادان و ئاڵوگۆڕی تەقە، بەڵام ئەوەی دۆخی ئێستای ترسناکتر دەکات، هاوکاتە لەگەڵ بارودۆخە مرۆیی و ئابوورییە ترسناکەکانی ناو ئەفغانستان، دانیشتووان کە لە ئێستاوە بەدەست هەژاری و بێکاری و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێی ئەمنی بوونەتەوە.
هێرشەکانی ئەم دواییە نەک هەر زیانی مرۆیی و ماددی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی کۆمەڵگەش هەبووە، بەو پێیەی خێزانەکان شەوانەیان بە دەنگی تەقینەوە و فڕینی فڕۆکەدا بەسەر دەبەن، منداڵانیش بە ترسەوە لە خەو هەڵدەستن، هەروەها ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕەوتی خوێندن و کارکردن و تەنانەت دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەبووە.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا، پێویستی بە خزمەتگوزارییە بەپەلەییەکانی چاودێری تەندروستی لە جاران گرینگترە، برینداران و نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەر هەیە، بەڵام کەمی سەرچاوە و سنووردارکردنی جووڵە، دەستڕاگەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکان لە ڕادەبەدەر سەخت دەکات، زۆرێک لە پزیشکان و کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ڕاستەقینە دەبنەوە.
هاوکات ئەو سنووردارکردنانەی کە لە ئەفغانستان بەسەر ژناندا سەپێنراون، سیستەمی چاودێری تەندروستی زیاتر سسترکردووە، پزیشک و پەرستارەکانی ژنان کە سەردەمانێک بەشێکی گرنگی پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی بوون، لە هەندێک بواردا ڕووبەڕووی بەربەستی ڕاستەقینە دەبنەوە لەبەردەم کارکردن یان جووڵەکردن، بە تایبەتی لە ناوچە دوورەکاندا، لێکەوتەی ترسناک بۆ نەخۆش و منداڵان هەیە.
لە هێرشەکەدا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بۆ سەر ناوچەی بەهسود لە پارێزگای نەنگەرهار، ١٨ ئەندامی یەک خێزان لە ژێر داروپەردوودا کوژران، لەبەرامبەردا چەند پزیشکێک هەوڵی گەیشتن بە بەهسودیان دا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی، بەڵام تووشی ئاستەنگی چاوەڕواننەکراوی تاڵیبان بوون، هەندێک لە پزیشکانی ژن تەنها لەبەر ئەوەی ژن بوون، قەدەغە کرابوون بچنە ژوورەوە، کە ڕێوشوێنێکە نەک تەنها مافە پیشەییەکانیان پێشێل دەکات بەڵکو ئەو نەخۆشانەش بێبەش دەکات کە پێویستیان بە چاودێری ژیانی هەیە.
پزیشک فەوزیە نەزیر، پزیشکی شاری جەلال باد وتی: کاتێک هەواڵێکمان پێگەیشت کە چەند خێزانێک پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی بەپەلە هەیە لەئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەدا، بڕیارمدا بچمە بەهسود، سەرەڕای نیگەرانییەکانم ئامێرە سەرەتاییەکانم کۆکردەوە و لەگەڵ تیمێکی بچووک بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتم، تەنها بیرم لەوە دەکردەوە منداڵەکان بوون، ڕەنگە چاوەڕێی یارمەتی بکەن، لە ڕێگادا خانووەکانم بینی کە دیوارەکانیان درزی تێدابوو و خەڵکێکی ماندوو و دەموچاوی نیگەران لە تەنیشت ڕێگاکە وەستابوون، کاتێک گەیشتینە بازگەکە، چەکدارانی تاڵیبان بەڵگەنامەکانمانیان پشکنی، دوای چەند خولەکێک لە گفتوگۆکردن، پێیان وتم کە ڕێگەم پێنادەن بچمە ناوچەکە چونکە ژنم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵمدا ڕوونیبکەمەوە کە بریندارەکان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە و پزیشکێکی ژن زۆر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ژن و منداڵانە، لەوەڵامدا وتیانڥ ئەوە فەرمانە، ناچار بووین بگەڕێینەوە دواوە، لەو ساتەدا، هەستم دەکرد نەک تەنها وەک ژنێک بەڵکو وەک پزیشکێک پشتگوێخراوم.

ڕوونیشیکردەوە، سەختترین بەش لە گەڕانەوەمدا ئەوە بوو، کە زانینیم لە دیوەکەیتری پشکنینەکە، ژنان هەبوون ڕەنگە نەتوانن چارەسەر وەربگرن، چونکە هیچ پزیشکێکی ژن نەبووە، ئەمەش بێبەشبوونەکە بە تەنها ئاراستەی من نەبووە، بەڵکو ئاراستەی هەموو ئەو نەخۆشانە کراوە کە چاوەڕێی هاوکاری بوون، هەروەها ڕێگری لە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان کرا بچنە ناو ناوچەکە.
پزیشک فەوزیە نەزیر بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: ئەو ڕۆژە بە ڕوونی تێگەیشتم کە لەگەڵ دەنگی تەقینەوەکان، دەنگێکی تری بێدەنگ هەیە، ئەویش دەنگی ئەو ژنانەیە کە دەرفەتی ڕزگارکردنی هاوژنەکانیان لێ داگیر دەکرێت، تا ئەو ئاستەنگانەی بەردەم کاری ژنان و بەتایبەتی پزیشکی ژن، بهێڵرێنەوە، قەیرانی مرۆیی لەم جۆرە ناوچە سستانەدا تەنها قووڵتر دەبێتەوە.
