لە سودان بەهۆی کۆلێراوە ٩٨ کەس گیانیان لەدەستدا

وەزارەتی تەندروستی سوودان بڵاویكردەوە، ژمارەی تووشبوون بە كۆلێرا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە ٩٨ كەسی دیکەش بە نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی سوودان سەبارەت بە ژمارەی توشبووانی نەخۆشی كۆلێرا و ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەستداوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: ٢٣٤ حاڵەتی نوێی تووشبوو بە نەخۆشی كۆلێرا لە ویلایەتی قەزارف و كەسەلای سوودان تۆماركراوە، بەمەش كۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە دوو هەزار و ٥٨٣ كەس.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكەوە گەیشتووەتە ٩٨ حاڵەت، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی دۆخی تەندرووستی وڵاتەکەمان درووست كردووە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٧٦ هەزار و ٥٠٢ كەس بەهۆی باران و لافاوەوە لە ١١ ویلایەتدا زیانیان بەركەوتووە و ٥١٣ حاڵەتی نوێی تووشبوونی كۆلێرایان تیادا تۆماركراوە، هەروەها ١٨ هەزار و ٨٣٨ ماڵ بە تەواوی ڕووخاون و ١٥ هەزار و ٧٤ ماڵیش بەشێكیان ڕووخاون.

 

لە ١٩ی ئاب، ەرپرسانی تەندرووستی لە سوودان ڕایانگەیاند بوو، وڵاتەكەیان بەدەست بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا دەناڵێنێت، كە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ٢٠ كەسی كوشتووە و سەدان كەسی دیكەش تووشی نەخۆشییەكە بوون.

 

پێشتر ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندبوو، ئەمساڵ تا ٢٨ی تەمووز لە سوودان ٧٨ حاڵەتی مردن بەهۆی كۆلێرا تۆماركراوە، هەروەها نەخۆشییەكە لە نێوان ١ بۆ ٢٨ی تەمموز زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ كەسی تووش كردووە.