لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی کوژراوانی ژنان لە سووریا بۆ ٢٩ ژن بەرزبووەتەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوشتنی ٢٩ ژنی لە سووریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ە بەڵگەدار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆشایی ئەمنی لە وڵاتەکەدا بوونی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی ئەو ژنانەی سووریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوژراون بۆ ٢٩ژن بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی کوشندە دژی ژنان لەناو ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا.

 

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، شارە جیاوازەکانی سووریا شاهیدی زنجیرەیەک تاوان بوون بە پاڵنەرە جیاوازەکانەوە، لەوانە ناکۆکی خێزانی، توندوتیژی خێزانی، دزی و تۆڵەسەندنەوە، جگە لەو تاوانانەی کە تا ئێستا بارودۆخیان ناڕوونە، هەروەها چەندین حاڵەت دیمەنی دڵتەزێنی تێدابووە، لەوانە ژنان لەناو ماڵەکانیاندا لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن یان تەرمەکانیان بە نێژراو یان فڕێدراو لە ناوچە دوورەکاندا دۆزراونەتەوە.

 

حەلەب لە پێشەنگی لیستی ئەو شارانەدایە کە زۆرترین تاوانی تۆمارکراویان تێدا تۆمارکراوە، دوای ئەویش گوندەکانی دیمەشق و دواتر ئیدلب، لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی کە ماونەتەوە بەسەر شارەکانی حەما، سوەیدا، دیمەشق، دێرەزوور، ڕەققە، حومس، لازقییە دابەشکراون.

 

بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆرێک لە زیانبەرکەوتووان لەو شوێنانە کوژراون کە دەبوو پاریزراوترین پەناگەیان بوایە، کە ئەمەش تیشک دەخاتە سەر لاوازی میکانیزمەکانی پاراستن و نەبوونی لێپرسینەوە، لە نێوان توندوتیژییە بەردەوامەکان بە شێوە جیاوازەکانی و کاریگەرییە دوور مەوداکانی لەسەر خێزانەکان و کۆمەڵگە بە گشتی.