لە سلێمانی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوا هێرشەکانی سەر حەلەب شەرمەزار دەکات

لە شاری سلێمانی، بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد و داوای وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانیان کرد.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ ٨ی کانوونی دووەم، لە نوسینگەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە دووبارەکان کە لەسەر گەڕەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە، داوای وەستاندنی توندوتیژی و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان دەکرێت.


فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ڕایگەیاند،  ئەو ناوچانە کەوتوونەتە ژێر هێرشی توندوتیژانە و زیانی مرۆیی و ماددی زۆریان لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ هاوڵاتیان، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکە کوردییەکان، لەلایەن گرووپە چەتەکان ئەنجام دەدرێن، ئەوان نایانەوێت ئارامی بۆ سووریا بگەڕێتەوە و هەموو نەتەوەکان پێکەوە بژین، داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانان دەکەین کار بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە بکەن، چونکە سووریا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و ئەو شەڕانە ئامانجیان تەنها لەناوبردنی گەلی کوردە.

 

وتیشی: دەبێت وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمان بەتاینەت ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆلی باڵایان هەبێت  لە وەستاندنیی ئەو هێرشانەو دەبێت تورکیا رابگرن لەو هێڕشانەی کە بە حکومەتی سووریای دەکات، سووریا لە ئێستادا بەرگەی شەڕی دیکە ناگرێت و دەبێت وڵاتانی هاوپەیمانان و کار بکەن هۆ وەستاندنی ئەو شەڕە، ٦١ ساڵ بەعس و بنەماڵەی ئەسەد سووریای بەرێوە برد ئێستا قبووڵی ناکەین کە هیچ هێز و لایەنێکی دیکە سووریا بەش بەش بکات و لەناوی ببات.

 

ڕووبار مەجید، ئەندامی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی نوێی سووریا بەردەوامە لە شکاندنی ئاگربەست و ڕێکەوتنەکان، و جەختی کردەوە: دیمەشق تەنها وڵاتی یەک نەتەوە نییە و دەبێت هەمووان لە ژێر چەتری ئاشتیدا بژین، ئەم کارانە جینۆسایدی گەلی کوردە لەبەرچاوی جیهاندا، ئێمە داوا لە ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا دەکەین چالاک بن، و داوا لە تورکیاش دەکەین هێرشەکان ڕابگرن،ئێمە وەک بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و خۆسەر داوا لە هاوپەیمانان دەکەین بێدەنگی بوەستێن و کار بۆ وەستاندنی شەر بکەن و هەروەها رەوەندی کوردی لە ئەوروپا چالاکیان هەبێت و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە ئەو شەڕانە بوەستێنن.


دایکی پەرچەم، بەرپرسی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئافرەتان وتی : ئێمە ئەمرۆ ئەم کۆنگرەیەمان کردووە بۆ ئیدانە کردن و سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئەم هێڕشانە پیلان بۆ دانراون، ئەو هێرشانە کە دەکرێنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێ گوومان دەبێتە مەترسی و بۆ سەر باشووری کوردستان و ئەگەر هەیە کە ئەو هێرشانە بکرێنە سەر باشووریش بۆیە پێویستە کار بکرێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە.