لە شوباتدا ٢٧ حاڵەتی ڕفاندن، لەناویاندا ٦ ژن و منداڵێک لە عەفرین تۆمارکراوە

تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە عەفرینی داگیرکراو بەردەوامە، لە مانگی شوباتدا ٦ کەس کوژران و ٢٧ کەسی دیکەش ڕفێندران، لەناویاندا ٦ ژن و منداڵێک هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکیدا بۆ مانگی شوبات، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین- سووریا زنجیرەیەک تاوانی ئاشکرا کرد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە عەفرینی داگیرکراو ئەنجام دراون، لەوانە کوشتن، ڕفاندن، بڕینی درەختەکان و گۆڕینی دیمۆگرافی.

 

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ ٣ی ئادار پشتڕاستی کردەوە لە شوباتدا داگیرکاری تورکیا و چەتەکانی ٤ کەسیان کوشتووە و ٢٧ کەسی دیکەیان ڕفاندووە لەناویاندا ٦ ژن و منداڵێک هەن.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ٨٠٠ دار بڕدراون و ڕیشەکێشکراون، لەناویاندا ٢٠٠ دار زەیتوون و دارستان لە ناوچەی ماباتا، ٦٠٠ دار گێلاس لە گوندی بەک ئۆباسی و هەزاران دار لە ناوچەی بیلبی، ئەمەش وەک بەشێک لە تاوانە بەردەوامەکانی لەکاتی داگیرکردنی عەفرین لە ٢٠١٨ەوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین.

 

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، داگیرکاری تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین، لەوانە گوندی کەفر سەفرە و نیشتەجێبوونێکی دیکە لە گوندی کەفر ڕوم.

 

دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە مانگی کانوونی دووەمدا چوار کەسیان کوشت و زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکەیان ڕفاند لەناویاندا ژن و منداڵ هەبوون.