لە شەشەمین ساڵیادی ڕزگارکردن: ئەزموون و خەباتی ژنانی باغۆز
باغۆز لە نێوان ئاژاوە و وێران و نائومێدیدایە، وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ زیندووبوونەوە و هێز دەردەکەوێت، ئەم شارۆچکەیە بۆتە هێمای هیزی سەرهەڵدانەوە.

زەینەب خەلیف
دێرەزوور-لە یادی شەشەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شارۆچکەی باغۆز لە کانتۆنی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، ئەمەش لە سایەی پاڵپشتی کۆمەڵگە، لە ڕێگەی هەوڵی خەڵکەوە، باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، پشتیوانی لە گەل، و میراسی کولتووری جارێکی دیکە زیندوو بووەتەوە.
باغۆز یەکێکە لەو شارۆچکە گوندنشینانەی کانتۆنی دێرەزوور کە زۆرترین زیانی جەنگی بەرکەوتووە، مەیدانی سەختترین قۆناغەکانی شەڕ بوو، بەتایبەت پێش ئەوەی لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئازاد بکرێت.
ئەم ڕزگارییە بوو بە خاڵێکی دیاریکەر لە خەبات دژی داعش، لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە دوا قەڵای گەورەی داعش بوو، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیان و خێزانەکانیان لەوێ کۆکردبووەوە، شەڕە توندەکان ماڵوێرانییەکی گەورەی لێکەوتەوە و شوێنەواری قووڵی لەسەر ڕۆحی خەڵک بەجێهێشت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو سەختییانە، باغۆز سەرکەوتوو بوو، لە سایەی ئیرادە و هێزی گەل، لە دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ ئاسایی و دامەزراندنەوەی خزمەتگوزارییەکان، ساڵێک دوای ڕزگاربوون، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە سەریهەڵدا، گەل بڕیاریاندا داهاتوو بونیاد بنێن.
پەیامنێری ئاژانسەکەمان لەگەڵ چەند ژنێکی شارۆچکەکە کۆبووەوە بۆ بینینی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژیانی ژنانی باغۆزدا هاتوونەتە ئاراوە.
"تێکۆشان لە باغۆز بەردەوامە"
سەفیە ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی سوسا ڕایگەیاند کە هەموو ساڵێک لە ٢٣ی ئاداردا، ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز لە دەستی داعش بەڕێوەدەچێت و وتی: ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە"و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)یە، ئەم سەرکەوتنە تەنها سەرکەوتنێکی سەربازی نییە، بەڵکو بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ بۆ کۆمەڵگە ئەمڕۆ کە ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ئەم ڕزگارییە، بە تایبەتی ئەو قوربانیانەمان لەبیرە کە گەلی باغۆز بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی و کەرامەتیان داوە.
"ژنان لە ناوەندی خەباتی ڕزگاریخوازیدان"
سەفیە ئەحمەد باسی لەوەشکرد، کە باغۆز دوا قەڵای داعش بووە، گەلیش ساڵانێکە لەژێر فشاری ئەواندا ژیاون وتی: ئەم شارۆچکەیە کە ساڵانێک بوو لەژێر تاریکی داعشدا بوو، وێرانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، ژێرخانەکە وێران بوو، هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون و مافەکانیان زەوتکران، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ڕزگارکردن، لەلایەن هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە، هیوایەک بۆ ئەو خەڵکە هەبوو کە لێرە دەژیان.
سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژنان ڕاکێشا لە سەردەمی شەڕ و دوای جەنگ و وتی: ژنان لە شەڕی داعشدا پێشەنگ بوون، نەک تەنها لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو لە زۆر بواردا وەک ڕێکخستنی بەرخۆدان و چارەسەرکردنی برینداران و دەستدرێژکردن بۆ کەسوکاری شەهیدان. دوای ڕزگاربوون، ئەوان پێشەنگ بوون لە گۆڕینی شتە ناوخۆییەکان، ئەوان بەشدارییان لە بونیادنانی ناوچەکەدا کردووە، بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ گرت،دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ڕۆڵی چالاکیان لە خزمەتگوزارییە جیاوازەکان و بوارە کارگێڕییەکاندا گێڕا.
پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە لەناوچوونەوە بەرەو بەردەوامی دەڕوات
سەفیە ئەحمەد ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ ساڵ، خەڵکی باغۆز بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکەیان، بەتایبەتی هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، و وتی: هەنگاوی بەرچاو نراوە بۆ باشترکردنی ئەو ژێرخانانەی کە زیانیان پێگەیشتووە، وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کارەبا و سیستمی ئاوەڕۆ دروستکراون، لە هەمانکاتدا خوێندنگەو بنکە تەندروستییەکان کە لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا وێران بوون.
ڕوونیشیکردەوە، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە تەنها بیناسازی فیزیکی ناگرێتەوە، بەڵکو ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریش دەگرێتەوە و وتی: کشتوکاڵ و پەروەردە و پڕۆژەی بچوک بۆ گەلی ناوچەکە پەرەی پێدرا، ئەمڕۆ باغۆز لە هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەدا چووەتە حاڵەتێکی گەشەسەندنی بەردەوامەوە.
"پڕۆژەی زۆر بۆ ژنان جێبەجێ کراون"
لیندا حەبۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیی باغۆز، ڕایگەیاند کە ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا دەرفەتی زۆریان لە بوارەکانی کارگێڕی و پیشەیی بەدەستهێناوە و وتی: زۆر پڕۆژە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان جێبەجێکراون، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پڕۆژەمان بۆ ئەو ژنانە پەرەپێداوە کە لە کامپی هۆڵ گەڕاونەتەوە و بۆ پشتیوانیکردن لە قوربانیانی شەڕەکە، ئەمڕۆ ژنانی باغۆز بوونەتە هێمای خەبات و بەرخۆدان، بە ئیرادە بەردەوامن لە بونیادنانی داهاتوو.
"دوای تاریکی ئێستا بە ئازادی دەژین"
فادیە ئەحمەد خەڵکی باغۆز ئەو ترسەی کە لە سەردەمی داعشدا ئەزموونی کردبوو، بەم قسانە دەربڕی: دوای ساڵانێک لە ژیان لە تاریکی و ئازاردان بە ستەم و سەختی، ئێستا دەتوانم بە ئازادی بچمە ناو باخەکەمەوە بۆ کارکردن، پێشتر ئەمە تەنها خەونێک بوو، بەڵام ئێستا ڕاستییە.
"هیچ شتێک لە ئازادی بەنرختر نییە"
هودا شایس باسی لەوەشکرد، کاتێک داعش باغۆزی داگیرکرد، خۆی و خێزانەکەی ناچاربوون کۆچ بکەن و وتی: دوای ئەوەی شارۆچکەکەمان کەوتە دەست داعش، مافەکانمان لێسەندرایەوە، ڕێگەمان پێنەدرا ماڵەکانمان بەجێبهێڵین، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ڕزگاربوون، گەڕامەوە و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکەم دەکەم، سەرەتا کشتوکاڵکردن قورس بوو، ئێمە کشتوکاڵمان دەکرد بەڵام ئێستا بەهیوای گەورەوە کشتوکاڵ دەکەم، ئێستا ئێمە ژیانێکی ئازاد و بە شکۆمەندانە دەژین، هیچ شتێک لە ئازادی بەنرختر نییە.