لە سێدارەدانی ئازادیخوازان ئاگری ڕاپەڕین چڕتر دەکاتەوە

دەستبەسەرکردنی بەردەوامی شۆڕشگێڕان و دەرکردنی سزای قورس وەک لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانیان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، ڕاپەڕینی شەوانە چڕبووەوە و شەوی ڕابردوو زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدی شۆڕشێکی گەورە بوون.

ناوەندی هەواڵ

لە کاتێکدا کە ماوەی زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی بەردەوامی هەیە، بەردەوام دەستبەسەرکردنی ئازادیخوازان و سزا قورسەکان و سزای لەسێدارەدانیش چڕتر بووەتەوە، ئەوەش ڕاپەڕینی شەوانەی شۆڕشگێڕانی درێژکردەوە.

سەرەرای ئەو کەشوهەوا ئەمنییە سەختە و بڵاوبوونەوەی کەرەستە سەربازییە قورسەکان، شەوی ڕابردووش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سنە و سەقز و دیواندەرە و مەهاباد و ورمێ و کرماشان و شاباد و مەریوان و چەندین شاری ئازادی، بە ئاگر کردنەوەو وتنەوەی دروشم و سوتاندنی هێماکان و ناوەندە حکومییەکان بەردەوام بوون لە ڕاپەڕینەکەیان، باس لەوە کراوە، کە لە سەقز و سنە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران و ئازادیخوازان ڕوویداوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی کوژراو و برینداران نییە.

هەروەها دوای لەسێدارەدانی یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ڕاپەڕین لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران، شەوی ڕابردوو خەڵکی ئازادیخوازی سیستان و بەلوچستان، تاران، مەشهەد، ئەسفەهان، شیراز، ئەهواز، کرمان، مازەندەران، ڕەشت، تەبرێز، ساری، قوم، قەزوین و شارەکانی دیکە بە ئامادەبوونی فراوان لە شەقامەکاندا دروشمیان دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ووتەوە، بە کردنەوەی ئاگر و دانانی وێنەی قوربانییەکان جەختیان لە ڕاپەڕینەکەیان کردەوە، ئەوان تا ئازادی و تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی هەموو قوربانییەکان ڕاپەڕینیان دووپات کردەوە و لەسێدارەدانی ئازادیخوازانیان بە چڕبوونەوەی ئاگری ڕاپەڕین ڕاگەیاند.