لە ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی ئەوتۆ بە دۆزی ژن نەدراوە

لەڕاپۆرتێکدا چالاکییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و عێراق خرایەڕوو، بەپێی وتەی ئەندامەکانیش کارێکی گرنگ و ئەوتۆ بە کێشەکانی ژنان نەدراوە، تەنانەت سەرباری زۆری توندوتیژییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەڵام لیژنەیەکی تایبەت بە ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگاکە نییە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە ئوتێل تایتانیک ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان حەوتەمین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ١/١٠/٢٠٢٠ بۆ ٣٠/٩/٢٠٢١ بڵاوکردەووە.

 

لە مەراسیمەکەدا سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەشداربوون، تەنها یەک لە ١٨ ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی بەشدار بوو، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا لەلایەن ئاواز سەلیم، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان وتارێک پێشکەشکرا، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە ئەندامانی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کار و چالاکییەکانیان بڵاو بکەنەوە، بە گرنگیشی زانی ساڵانە جارێک یان دوو جار ئەندامانی پەرلەمان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا چالاکییەکانیان ئاشکرا بکەن.

 

دواتر چالاکییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی خرایەڕوو، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئەندامانی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٤٥٥ چالاکییان ئەنجامداوە، هاوکات لە ماوەی کۆی خولی چوارەمدا هەزار و ٢٥٩ چالاکیان ئەنجامداوە، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنها ٩ دانیشتن ئەنجام دراوە.

 

"حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکری پەرلەمانتاران ناداتەوە"

دواتر ڕێزان شێخ دلێر لە وتارێکدا ئاشکرای کرد، کە لە هەرێمی کوردستان کاتێک داواکارییەک ئاڕاستەی لایەنێکی پەیوەندیدار دەکەیت وەڵام نادرێتەوە، لە کاتێکدا لە عێراقدا لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵام دەدرێتەوە، ئامادەکردن و خستەڕووی چالاکی و ڕەخنەکانیش لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا بە گرنگ دەزانێت.

 

لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ لیژنەیەکی تایبەت بە ژنانی تێدا نییە، وەک میدیا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگ بەوە نەدرا کە لیژنەی ژنان هەبێت، لە کاتێکدا توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان زۆرە، بۆیە ئەگەر کێشەیەک هەبێت ئەوا خۆی لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.

 

سێوە حەمەخزر، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیە، ئەوە دەخاتەڕوو کە کێشە و پرسەکانی تایبەت بە ژنان بەهۆی نەبوونی لیژنەی ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگا ئاڕاستەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێن، زۆرجاریش وەک ژنێک لە ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر ئاستی کەسی کار بۆ کێشە و کەیسەکان دەکەن کە ئاڕاستەیان دەکرێت.

 

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئاژانسی نوژنها ئەوە دەخاتەڕوو کە بەهۆی کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق نەتواندراوە یاساکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەربکرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ڕێگەیان نەداوە کە یاسایەک لە پەرلەمانەوە دەربچێت کە لایەنەکان دژی ژنان وەک پڕۆژە هێناویانەتە ئەنجومەنی نوێنەران.

 

بڕیاری ١٣٢٥ یەکێک لەو بڕیارانەی کە عێراق وەکو دەوڵەت پاڵپشتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەرکردووە، کە لە پەرلەمانی عێراق دەبوو یاسای تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە دەربکرێت بەڵام هیچ یاساییەک دەرنەکراوە.

 

بەکۆی گشتی لەو ڕاپۆرتەی کە بڵاوکرایەوە و دەرئەنجامی لێدوانی ئەندامانی ئەنجومەنە، دەردەکەوێت کە گرنگییەکی ئەوتۆ بە پرسی ژنان نەدراوە، ئەوەتا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرباری بەرزی ڕێژەی ئامارەکانی توندوتیژی لەو پارێزگایەدا بەڵام هێشتا بوونی لیژنەیەکی تایبەت بە ژنان لە ئەنجومەن بە پێویست نەزاندراوە.

 

ت.پ