لە پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیباندا ژنانى ئەفغانستان داوای فراوانکردنى خۆپیشاندانەکان دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان، بزووتنەوەی "منارة حركة المرأة الأفغانية" بانگهێشتی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، بەشداری لە بەرنامەو هەڵمەتە ناڕەزاییەکان بکەن بۆ گەیاندنی پەیامی ئازادی و یەکسانی و کۆتایی جیاکاری.
ناوەندی هەواڵ
بەردەوامبوونی بێبەشکردنی ژنانی ئەفغانستان لە مافەکانیان، وەک یەکێک لە دیارترین ڕەهەندەکانی پاشەکشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کاتی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەردەکەوێت، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ملیۆنان ژن هەبووە.
بزووتنەوەی "منارة حركة المرأة الأفغانية" لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێکەوە، داوای لە ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، کە بۆ پشتگریکردن لە بەرنامە و هەڵمەتە ناڕەزاییەکان لە کاتی نزیکبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات بێنە پێشەوە و دەنگی ژنانی ئەفغانی بە جیهان بگەیەنن.
بزووتنەوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە ١٥ی ئاب دەستپێکی سەردەمێکی دژوارە لە مێژووی ئەفغانستاندا، ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا ملیۆنان ژن و منداڵانی کچ لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کران، لەوانەش مافی خوێندن، کارکردن، ئازادی و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا.
ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە هاوسۆزی، هۆشیاری و کاری هاوبەش ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە بۆ پشتگیریکردن لە ژنانی ئەفغانی، بانگهێشتی سەرجەم هاوڵاتییان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بەشداری لە بەرنامەکاندا بکەن و پەیوەندی بە هەڵمەتە ناڕەزاییەکانەوە بکەن بۆ ئەوەی پەیامی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنن و داوای کۆتاییهێنان بە جیاکاریی ڕەگەزی بکەن.