لە پایتەختی داهێنانی ئەدەب، یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەبی سازکرا

بۆ یەکەمجار فیستیڤاڵی ئەدەب لە شاری سلێمانی ڕێکخرا، بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و نوسەرانی ئەدەب بەشداربوون، یەکێتی نوسەران ڕەخنە لە گرنگینەدان بە ئەدەب و نوسەران دەگرێت، ژنانیش دەڵێن "ئەدەب بۆ ژن تەنها لە ڕووکەشدا کۆکراوەتەوە، گرنگی بە ژن نادرێت".

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب بە ناونیشانی "ڕێژنەبارانی وشە لە یادەوەریی دنیادا دەمانژێنێتەوە" لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی سازکرا، ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری ڕۆشنبیری، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی، بەشێکی بەرچاو لە شاعیران، نوسەران و هونەرمەندان ئامادەبوون.

 

سەرەتای فیستیڤاڵەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر لەلایەن موحسین ئەدیب وتاری لیژنەی فیستیڤاڵەکە خوێندرایەوە، تێیدا داوای ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەتیان لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئەدەب و دابینکردنی بودجەیەک بۆ وەرگێڕانی شاکارە ئەدەبییەکان بۆ سەر زمانە جیهانییەکان کرا.

 

پاشان هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە وتارێکدا باسی لە ئەدەبی شاری سلێمانی کرد، هەروەها باسی لە دەستکەوتەکانی پارێزگاکە لە بواری ئەدەب و نوسیندا کرد، کە چەندین کاریان بۆ پێشخستنی ئەدەب کردووە، بەڵام هەر دوای ئەو ئاکۆ کەریم، سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد لە وتارێکدا ڕەخنەی لە پشتگوێخستنی ئەدەب لە شارەکەدا گرت، کە یەکێتی نوسەران ساڵانێکە لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە پشتگوێخراوە، هاوکات زیندووکردنەوەی گۆڤاری هەناری بە پێویستییەکی سەرەکی زانی، کە گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەری مانگانەیە و ١٠٠ ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا وەستاوە.

 

پاشان چەند پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن کەژاڵ ئەحمەد خوێندرایەوە، لە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆوە دیدارەکان دەستپێدەکات، کە پێنج دیدار لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت.

 

ئەمڕۆ کاتژمێر  ٢:٣٠ خولەک  دیدارێک پێشکەش کرا، سبەینێش دوو دیدار ئەنجام دەدەرێت، یەکەم کاتژمێر ١٠ پێشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت، کاتژمێر ٢:٣٠ دیداری "ئەحلام مەنسور" ئەنجام دەدرێت، بەشێک لە دیدارەکە لەبارەی "ژن دەنگێکی ون، دەنگێک لە ڕێی پیاوەوە".

 

لە ڕۆژی سێیەمدا لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک، دیداری عومەر عەلی ئەمین بۆ لێکۆڵینەوە لە دەقی شانۆیی بەشێک لە دیدارەکە لەلایەن ڕێزان ساڵح لەبارەی "وێنای ژن لە دەقی شانۆی کوردی"دا پێشکەش دەکرێت، دیداری کۆتایش لە ڕۆژی سێیەمدا بەناوی "خورشیدە بابان" ئەنجام دەدرێت.

 

تاڤگە محەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب، لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد تا توانیبێتیان هەوڵیان بۆ باڵانسی جێندەری لە فیستیڤاڵەکەدا داوە، ژن لە فیستیڤاڵەکەدا هەبێت، ئامانجی سەرەکی فیستیڤاڵەکەش زیندووکردنەوەی ئەدەبە تا لە ڕێی ئەم فیستیڤاڵانەوە دەقە ئەدەبییەکان بخرێنە ڕوو،  کە بەهۆی قەیرانەکانەوە ئەدەب وەک خۆی ماوەتەوە و گەشەی نەکردووە.

 

ژن لە ئەدەبی کوردیدا تەنها ڕوکەشە

شاناز محەمەد، یەکێک لە ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژنان لە هۆنراوەکاندا لە وەسفی ڕووکەشدا کۆبووەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕۆڵی ژنە لە هەموو بوارەکاندا، کۆمەڵگا بە چاوێکی کەمتر سەیری ژن دەکات، لە کاتێکدا ژن بە ڕاستگۆیانە ئەوەی لە ناخیدایە دەریدەبڕێت.

 

گوڵزار جەلال، شاعیر و نوسەرە، ڕەخنەی ئەوەی هەیە کە بەهۆی ئەوەی لە وڵاتێکی پیاوسالاریدا دەژین، شوێنەکان زۆرینەی پیاو پڕی کردوەتەوە، هاوکات ژنەکانیش دەبێت خۆیان هەوڵ بدەن، "ئەگەر بیەڵن".

 

پەیام ئیبراهیم، نوسەرێکی بواری منداڵانە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی ژن وەک خۆی لە فیستیڤاڵەکەدا باس نەکراوە، هاوکات وەک نوسەرێکی بواری منداڵان ڕەخنەی ئەوەی گرت، کە گرنگی بە بواری ئەدەبیاتی منداڵان نەدراوە، هیوای خواست گرنگی زیاتر بە بواری منداڵان بدرێت.