لە نامیلکەیەکدا ڕەوشی ژنان لە زیندانەکانی ئێراندا دەخرێتە ڕوو

لە نامیلکەیەکدا کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بڵاویکردووەتەوە، باس لە مێژووی زیندانیانی سیاسی و دۆخی ژنانی زیندانیکراو کراوە، هەروەها سزا دەروونی و جەستەییەکان و شێوازەکانی سزادانی ژنان پیشاندراوە.

لە نامیلکەیەکدا مێژووی کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بڵاویکردووەتەوە، باس لە مێژووی زیندانیانی سیاسی و دۆخی ژنانی زیندانیکراو کراوە، هەروەها سزا دەروونی و جەستەییەکان و شێوازەکانی سزادانی ژنان پیشاندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نامیلکەی "مێژووی زیندانی ژن و ئامانجەکانی" لێکۆڵینەوەیەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار ئەنجام دراوە، تێیدا مێژووی زیندانی ژن لە ئێراندا دەخاتە ڕوو هاوکات باس لە ڕەوشی زیندانیانی ژن دەکات لە زیندانەکانی ئێراندا، ئەم نامیلکەیە بە هەردوو زمانی کوردی سۆرانی و فارسی ئامادەکراوە و بە پی دی ئێف لەبەر دەستدایە.

 

مێژووی زیندانی ژنان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٩، لە سەردەمی شا ڕەزا پەهلەویدا زیندانی ژنان بە ناوی "قەسر" لە ئێراندا دروستکراوە، دواتریش لە سەردەمی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا هەر بەردەوامی هەبووە تا ئێستا، بە جۆرێک ئێستا لە زۆرینەی شارەکاندا زیندان هەیە.

ژنان لە کاتی بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خۆیاندا لە ئاستی توندوتیژی و نادادییەکان و پەیوەندبوونیان بە ڕێکخراوە چەپەکان دژی ڕژێمی ئێران دەستگیرکراون و ڕاپێچی زیندانەکان کراون، ڕژێمی ئێران هەمیشە هەوڵیداوە لە ڕێگای ژنانەوە کۆمەڵگا دەستەمۆ بکات.

 

 لە ساڵی ١٩٨١ لە وڵاتی ئێراندا ١١ هەزار کەس لەسێدارەدراون، لەو ڕێژەیەش هەزار و ٥٠٠ کەسیان ژن بوون، ٢٧ دووگیان بوون، ١٨٧ ژنیان ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون.

 

زیندانی قەرچەکی وەرامین

گەورەترین زیندانی ژن بەناوی "قەرچەکی وەرامین" لە تارانی پایتەختی ئێرانە، کە ژنانی زیندانی سیاسی لەو زیندانەدان، بەپێی دواهەمین ئاماریش زیاتر لە دوو هەزار ژنی کورد کە زیندانی سیاسین لەو زیندانەدان، ئێستاش نزیکەی ١٠ هەزار ژن لە سەرتاسەری زیندانەکانی ئێراندا.

 

ئەشکەنجەدانی ژنان لە زیندانەکاندا چەندین شێوازی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە، لەسەر زاری ئەو ژنانەی کە پێشتر لە زیندانەکان بوون وەرگیراون، چەندین جۆر سزادانی هەبووە، لەوانە، بەزۆر پۆشینی سەرپۆش، وتنەوەی بەردەوامی سروودی "خومەینی ئەی ئیمام"، لێدان و بەزۆر کردوویانن بە سیخوڕی ڕژێم، هەندێکیشیان کە دایک بوون و منداڵییان هەبووە منداڵەکانیان هێناونەتە زیندانەکانەوە وەک ئازاری دەروونی لای منداڵەکانیان ئازاری دایکەکانیان داون.

 

هەندێکیشیان لە نزیک ژووری ئەشکەنجەدانەوە خراونەتە زیندانی تاکە کەسی تا گوێیان لە ئازارەکانی زیندانی کراوان بێت و تووشی کێشەی دەروونی ببن، یاخود ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە هێنراونەتە ناو زیندانی ژنانەوە تا ئازارییان بدات و کێشەییان بۆ دروست بکات.

 

دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کژار

لە دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کژار بڵاویکردووەتەوە دەرکەوتووە، ڕژێمی ئێران دەیەوێت بە هەموو نرخێک ژنان بێدەنگ بکات و لە ڕێگای ژنانیشەوە کۆمەڵگا دەستەمۆ بکات و نەهێڵێت هیچ دەنگێکی جیاواز و ناڕازیی هەبێت، لەپێناو ئەم ئامانجەشدا پەنا بۆ هەموو سیاسەتێک دەبات، وەک برسیکردن، ئاڵودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، بەلاڕێدا بردن، درۆ، ترساندن و دڵەڕاوکێ، ژنکوشتن و گەنج کوشتن و چەندین ڕێگای دیکە، بۆ بەهێزبوونی خۆی کۆمەڵگا لاواز دەکات.

 

لە کۆتایی نامیلەکەکەدا، کژار ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەرکی ژنانە بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایین کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان بکەن و دژی هەر سیاسەتێک بۆ لەناوبردنی ژنان تێبکۆشن.

 

لینکی نامیلکە بە زمانی سۆرانی:

https://kjar.online/wp-content/uploads/2021/04/%D9%81%D8%A7%DB%8C%D9%84-%D8%A2%D9%85%D8%A7%D8%AF%D9%87-%D8%B3%D9%88%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-1.pdf#page=1&zoom=auto,-158,843

ت.پ