لە مەراسیمێکدا پەرتوکی "زێڕەوشان" لە شاری مهاباد ناسێندرا
پەرتوکی "زێڕەوشان" بەرهەمێکی دەوڵەمەندی لێکۆڵینەوەیە و دەرئەنجامی هەوڵەکانی سورەیا مام قادرییە، کە تێایدا باس لە ناساندنی جلوبەرگی کۆنی کوردانی موکریان دەکرێت.
ژاڵە سادقی
مهاباد- ڕێوڕەسمی ناساندنی پەرتوکی "زێڕەوشان" ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە هۆڵی شانۆی ئیدارەی ئێرشادی مهاباد بەڕێوەچوو.
پەرتوکەکە " بەشێکە لە پرۆژەیەکی توێژینەوەی سورەیا مام قادری، کە تێایدا باس لە ناسینەوەی جلوبەرگی کۆنی کوردانی موکریان دەکرێت.
ئەم پرۆژەیە بریتی بووە لە فێستیڤاڵی جلوبەرگی کوردی، چاپی پەرتووک و پێشانگای وێنەگری؛ نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر فێستیڤاڵی جلوبەرگی کوردی بە هۆی هەڵاواردن و گوشارە بەربڵاوەکانی ڕژێمی ئێران نەیتوانی مۆڵەت وەربگرێت، سورەیا مام قادری و هاوکارانی ئەم فێستیڤاڵەیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بە ئامادەبوونی کەسوکاری منداڵە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە و بەشێک لە چالاکوانانی مەدەنی لە قاوەخانەیەکدا لە دەوروبەری شارەکە سازکرد، ئەمە لە کاتێکدایە وەرگرتنی مۆڵەتی چاپکردنی پەرتوکەکە بۆ نووسەر قورس بووە.
ڕێورەسمەکە بە نیشاندانی دیمەنی یەکەمین فێستیڤاڵی جلوبەرگی کوردی منداڵان لەم شارە دەستیپێکرد، پاشان "سوارە ئیلخانیزادە"، سەرنووسەری پەرتوکەکە، باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئەم پەرتوکە، گرنگی زیندوو ڕاگرتنی جلوبەرگ و کۆولتووری کوردی کرد ، هەروەها "زێڕەوشان"ی بە یەکێک لە بەرهەمدارترین و جیاوازترین پەرتوکەکان لە بواری ناساندن و پاراستنی جلوبەرگ و کولتووری کوردی خوێندەوە.
پاشان سورەیا مام قادری، وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی پەروەردە و بە تایبەت پەروەردەی ژنان کرد، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی پاڵپشتی خێزانیش، باسی لە گرنگی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی کردو وەک مامۆستایەک باسی ڕێنوێنی و هاندانی سەدان ژنی کرد بۆ پەروەردەی ئەکادیمی بەتایبەتی لە بواری هونەردا.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە پەرتووکەکەی وتی: بە هاوکاری خێزانەکان بڕیاردرا پڕۆژەیەکی پەروەردەیی بۆ منداڵان ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی بزانن جلوبەرگی کوردی چییە و لە سەرەتاوە چۆن بووە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بەشێک لە کولتوور و مێژووی خۆیان بناسن، بەسوود وەرگرتن لە وێنەی کۆن و هاوکاری مەهپارە لاهیجانی دەستمان کرد بە دورین و زیندووکردنەوەی شێوەی جلوبەرگی کۆن، دایکم کە وەک گەنجینەیەکی زانیاری بوو، زۆر هاوکاری کردم و بەداخەوە ئەمڕۆ لە نێو ئێمەدا نییە کە پەرتوکەکەی پێشکەش بکەم بکەم، ئەم پەرتوکە دوای سێ ساڵ بەهۆی ئاستەنگە بەرفراوانەکانەوە چاپ و بڵاوکرایەوە، هەموو ئەو کاتەش هەوڵم دەدا پەرتوکێک شایستەی وێژە و کولتووری کوردی بێت.
لەم پەرتوکە وێنەییەدا، وێنەی منداڵان و نموونە کۆنەکانی جلوبەرگی کوردی لە تەنیشت ڕوونکردنەوە پەیوەندیدارەکان بە زمانی فارسی دانراون.
"پاراستنی مێژوو و کولتووری کورد گرنگە"
سەمیرە.م، نووسەر و وەرگێڕ سەبارەت بە گرنگی بوونی ئەم جۆرە پەرتوکانە وتی: پاراستنی مێژوو و کولتووری نەتەوەیەکی وەک کورد کە لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبێتەوە، گرنگی ئەم پەرتوکە زیاتر دەکات، ئێمە هەمیشە شاهیدی ئەو ڕاستییە بووین کە دەوڵەتە فاشیستەکانی وەک تورکیا، هەوڵی تاڵانکردنی داب و نەریت، جلوبەرگ و مۆسیقاکانمانیان داوە، ژنان وەک پارێزەری سەرەکی کولتوور و مێژوو دەتوانن لەگەڵ چالاکییەکانیان لەم بوارەدا تێکۆشان بکەن".
لە درێژەی مەراسیمەکەدا وێنەکانی پەرتووکەکە نمایشکران و دوای پەردەلادان لەسەر پەرتووکەکە ڕێز لە منداڵانی بەشداربووی ئەم پڕۆژەیە گیرا.
لە نێو خوڵقێنەرانی ئەم بەرهەمەدا دەتوانین ئاماژە بە سارا مەنسووری، دەرهێنەری هونەری و گرافیک دیزاینەر، زانیار دانشیار، فۆتۆگرافەر، تارا خاتوونی، وێنەکێشانی بەرگی پەرتووک، سوارە ئیلخانیزادە سەرنووسەر، سارا شادپەروەر، لاپەڕە دیزاینەر بکەین. هەروەها شەهناز ئەبوبەکری لە بواری توێژینەوە لەسەر دەڤەری موکریان و مەهپارە لاهیجانی وەک یەکێک لە ژنە شارەزاکانی بواری دروون و مێژووی جلوبەرگی کوردی یارمەتیدەری سەرەکی پڕۆژەکە بوون.
بەهۆی دەوڵەمەندییەکەیەوە ئەم پەرتووکە ناوی زێڕەشان بووە و دەوترێت یەکێکە لە پەرتووکە تەواوەکانی بواری مێژووی جلوبەرگی کوردی، کە دەتوانێت کاریگەری بەرچاوی لەسەر بوارەکانی وەک سینەما و دیزاینی جلوبەرگ هەبێت.