لە مەخمور ڕۆژی زمانی دایک پیرۆزکرا

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور خوێندکاران و مامۆستایان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیان پیرۆزکرد.

مەخمور

 

خوێندکاران و مامۆستایانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی "مەخمور" بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕێپێوانێکیان بە پیشەنگایەتی مەیدانی پەروەردەی مەخمور ڕێکخست، ڕێپێوانی خوێندکاران لە خوێندنگەی ناوەندی شەهید ژیان دەستیپێکرد، تا ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری مەخمور بەردەوام بوو، بەر لەوەی لێدوان بدرێت خولەکێک خولەکێک ڕێزگرتن لە سەرجەمی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی بەڕێوەچوو، وتاری خوێندکاران لەلایەن قادر عەپایدین، خوێندکاری ئامادەیی خوێندرایەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

لە کاتێکدا کە لەناوبردنی زمانەکان و لەناوبردنی نەتەوەکان بە ئامانج دەگیرا، گەلی بەنگلادیش لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٥٢دا بزووتنەوەیەکی زمانییان دژی پاکستان دەستپێکردو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا، خوێندکارانی تەندروستی زانکۆی دەکا بە ڕێپێوان ڕاپەڕینیان دەستپێکرد، پۆلیسی پاکستان تەقەی لێکردن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان کوژران و سەدان کەسیش برینداربوون، خەڵکی بەنگلادش وازیان لەزمانی خۆیان نەهێنا و چالاکییەکانیان بەهێز کرد دەوڵەتی پاکستان ناچار بوو زمانی بەنگالی وەک زمانی فەرمی قبوڵ بکات، لە درێژەی ئەم بەرخۆدانەدا خەڵکی بەنگلادش لە ساڵی ١٩٧١دا سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ٢١ی شوباتیان بە ڕۆژی شەهیدانی بزووتنەوەی زمانی ڕاگەیاند و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا شەهیدانی بزووتنەوەی زمان بەبیردەهێننەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٨ ڕەفیقول ئیسلام بەنگالی کە لە کەنەدا دەژیا نامەیەکی بۆ کوفی عەنان سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و داوای کرد کە ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی جیهانی زمان، داواکارییەکەیان لە ١٧ی شوباتی ١٩٩٩ لەلایەن یوونسکۆوە پەسەندکرا و ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمان بوو.

 

بۆ ئەوەی پاشخستن لەسەر زمانی کوردی بوەستێنین دەبێت خەڵکی بەنگلادیش بکەینە نمونەو وەک بواری پەروەردەیی چالاکییەکانتان لە دژی داگیرکاری تورکیا وەک زەمینەیەکی ڕاهێنان زیاد بکەن و ببنە پێشەنگ بۆ گەل.

 

دەمانەوێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە زمانی خۆمان بدوێین بێ ترس لە دژی دوژمنان بوەستین و بیانگێڕینەوە بۆ مرۆڤایەتی خۆیان، پێویستە بزانین ئەگەر بەرخۆدانییەک وەک گەلی بەنگلادیش نەکەین ئەوا زوڵم و ستەمی داگیرکەران لە دژی گەلەکەمان ڕاناگیرێت، ئێمە پێویستە بزانین کە هیچ کەسێک لە جیهاندا جگە لە ئێمە دۆستی ئێمە نییە پێویستە خۆمان یەکبخەین و خۆمان بەهێز بکەین، پاراستنی زمان، پاراستنی کلتور، پاراستنی گەل، پاراستنی شەرەفە، نەبوونی زمان نەبوونی نەتەوەیە".

 

بەیاننامەکە بە دروشمەکانی بژی بەرخۆدانی گەلەکەمان'، "بێ زمان ژیان نابێت" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ" کۆتایی هات.