لە ماوەی یەک ساڵدا دوو هەزار و ٢٨٩ ڕووداوی توندوتیژی لە تورکیا ڕوویداوە

بەپێی ڕاپۆرتی نەخشەی توندوتیژی تورکیای”ASLAB” ئاسلاب، ژمارەی ڕووداوە توندوتیژییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ لە تورکیا بۆ دوو هەزار و ٢٨٩ ڕووداو بەرزبووەتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد بەکارهێنانی چەک و هۆکار بووە لە بەرزبوونەوەی ڕووداوەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

تورکیا شایەتی بەرزبوونەوەی مەترسیدارە لە توندوتیژی دژی ژنان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ کە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی تاوانەکانی ڕەگەزی پشتڕاست دەکەنەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی بەرفراوانی لەبارەی پارێزراوی ژنان لە هەردوو بواری گشتی و تایبەتدا دروستکردووە.

 

ڕاپۆرتی "نەخشەی توندوتیژی لە تورکیا ٢٠٢٥" کە لەلایەن تاقیگەی دەروونناسی داد و تاوانکاری ”ASLAB” لە زانکۆی ئیستەنبوڵ کولتووری ئامادەکراوە، زیادبوونی ژمارەیەکی پێوانەیی ڕووداوەکانی توندوتیژی لەو وڵاتە ئاشکرا کردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، حاڵەتەکانی توندوتیژی بە ڕێژەی ٧٥٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٢٨٩ حاڵەت بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ و زیاتر لە ٩٥٪ی ئەو ڕووداوانەش لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدراون.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە باوترین جۆری تاوان دەستدرێژی بووە کە ٦١.٥٪ی پێکدەهێنێت و هەروەها گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دابەشبوونی جوگرافیای توندوتیژیدا ڕوویداوە، ئەو حاڵەتانەی پێشتر لە ناوچەی مرمر چڕبوونەتەوە، ڕوویان لە دەریای ناوەڕاست و بەشێک لە باکووری کوردستان کردووە.

 

شارەکانی ئورفا و ئەزەنە وەک ئەو ناوچانە دەرکەوتن کە زۆرترین ڕێژەی توندوتیژییان تێدایە، کەیسەکان نزیکەی ١٣ هێندە لە ئورفا و ٥ هێندە لە ئەزەنە زیادیان کردووە، ئەم هەڵکشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم دوو شارە بوونەتە شوێنی گەرمی نوێی توندوتیژی.

 

”٩٥٪ی تاوانباران پیاوە”

جەختی لەوە کردەوە، کە زۆرینەی ئەنجامدەرانی توندوتیژی پواوان بوون و لە ٩٥.٥٪ دەخەمڵێندرێت، هەروەها ڕێژەی تاوانبارانی بیانی لە یەک ساڵدا لە ١٣.٢٪ بۆ ٣٨.٨٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە کایەی گشتیدا و دابەزینی متمانەی کۆمەڵایەتی.

 

جگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردەوە، کە چەکیو تفەنگ لە ٦٢٪ی تاوانەکاندا بەکارهێنراوە، هەروەها زیادبوونی بەردەستبوونی چەکی ئاگرین بووەتە هۆی توندوتیژی. لە ڕووی دابەشبوونی کرۆنۆلۆژییەوە، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ وەک مەترسیدارترین قۆناغ دەرکەوت و ١٠.٤٪ی ڕووداوەکانی پێکهێناوە.

 

"چارەسەرە پێشنیار کراوەکان"

ڕاپۆرتەکە چارەسەرە پێشنیار کراوەکانی لەخۆگرتبوو، جەختی لەسەر پێویستی دەستنیشانکردنی ناوچە مەترسیدارەکان وەک ناوچەی ئەمنی بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان، سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەکی ئاگرینی تاکەکەسی، زیادکردنی چاودێریکردنی چەک و چەقۆ، هەروەها دامەزراندنی ناوەندی دەستێوەردانی خۆپارێزی، بەتایبەتی بۆ تاوانبارانی پیاو.