لە کۆیە ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕێزلێنانیان پێشكەشكرا

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی, ڕۆژنامەنووسانی ژنی کۆیە ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

شیا كۆیی

 

 

کۆیە-ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ دەستیپێکردووە، کە لەو ڕۆژەدا یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکان و خودی میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچووە، ئەو ڕۆژە کراوەتە ڕۆژی لەدایکبوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، ئەگەرچی دوای ئەویش ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی دیکە هەبوون و بە هەموویانەوە توانیوویانە ئەم ١٢٧ ساڵە، درێژە بە کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بدەن، کە ڕەنگە هەموویان کاریگەریی ئەوتۆیان نەبووبێت، بەڵام بەشدارییەکی ڕوون و بەرچاویان لەم ڕەوتە هەبووە و بە هەموویانەوە ئەم کاروانەیان گەیاندۆتە مەنزڵی ئەمڕۆ.

 

 

یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردیدا ڕێكخراوی رۆشنبیری كۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری میترۆساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردییان بەرز راگرت و ڕیزلێنانیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی سنورەكە كرد، هاوكات دوو سمیناریان ڕێكخستبوو.

 

کێشەو گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە کاری میدیایی و ئازاردانی ڕۆژنامەوانان و تەنانەت زیندانیکردن و دەیان گرفتی دیکەش هەر هەن ، لەوانەیش قورستر، کێشەو گرفتی ڕۆژنامەوانانی ژنە، کە هەتادێ و کارەکەیان قورستر دەبێت.

 

ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری ژن هێشتا لە دەزگا میدیاییەکاندا وەک پێویست نەگەیشتوون بەو خواست و ئومێدەی هەیانە، هێشتا وەک پێویست مافی ئەوەیان پێڕەوا نابیندرێت، بگەن بە ئاستی یەکەم و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، هەندێك لە پیاوان ڕێگری لە بەرەوپێش چوونی هاوکارە ئافرەتەکانیان دەکەن و بەلایانەوە ئاسایی نییە ڕۆژنامەوانێکی ئافرەت، پلە و پێگەی بەرزتر بێت. ئاسكە ژنە راگەیانكاریكی كۆیەیە ودەڵێت   كاری رۆژنامەنوسانی ژن قورسترە  بەهۆی ئەوهەمو ئاستەنگیانەی دێتە پێش بۆ ژنانی رۆژنامەنوس، چونكە ژنان بەردەوام تانەیان لێدەگیرێت و كارەكانیان لەچاو رەگەزی بەرامبەر كەمتر بایەخیان پێدەدرێت.

 

 

ئاسكە جەعفەر راگەیاندكار لە ڕێكخراوی رۆشنبیری كۆیە وتی: بەبۆنەی  ١٢٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردیدا، وەك  ڕێكخراوی رۆشنبیری كۆیە ڕێزمانگرت لە ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان كەكاردەكەن لە سنوری كۆیەو بەشێوازی پیشەییانە كاردەكەن.هاوكات دوو سمینارمان ڕێكخستبوو بۆ هەردوو بەڕێز دكتۆر هۆشمەد شێخانی و مامۆستا سامان عومەر كەماستەری هەیە لەزمانی راگەیاندندووبابەتی بەسودیان پیشكەش بە ئامادەبووان كرد.

 

ئاسكە ئاماژەی بەوەشكرد كە لەو ڕۆژنامەنوسانەی ڕێزلێنانیان پێشكەشكرا ڕیژەیەكی باشیان ژنان بوون ئەوەش جێگای دڵخۆشیە كە ژنان دەتوانن ئازادانەكاری رۆژنامەوانی بكەن ئەوەش گرنگە.

 

ئاسكە نەشی شاردەوە كە كاری رۆژنامەنوسانی ژن قورسترە  بەهۆی ئەوهەمو ئاستەنگیانەی دێتە پێش بۆ ژنانی رۆژنامەنوس، چونكە ژنان بەردەوام تانەیان لێدەگیرێت و كارەكانیان لەچاو رەگەزی بەرامبەر كەمتر بایەخیان پێدەدرێت و هەلی كار بۆئەوان قورسترەو زۆرجار بەربەستیان بۆ درووست دەكرێت بەڵام ئەوان هەردەیانەوێت لەسەر پێی خۆیان بوەستن ودەیانەوێت رۆڵی خۆیان ببینن.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانی رۆژنامەنوس لە باشووری كوردستان، ئاسكە وتی: بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەكی باش لە ژنان كاردەكەن، بەڵام بەڕای من چەندێتی گرنگ نیە بەڵكو چۆنیەتی گرنگە كوالێتی كارەكان گرنگە نەك تەنیا مایك بەدەست بیت كە لەوساتەدا زۆر ئەو رستەیە دەبیستین.