لە کۆیە ڕێز لە ئەندامێکی پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا گیرا
دوێنی لە کۆیە، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆسیاسەتمەدار عەبیر سەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
شیا کۆیی
کۆیە-دوێنی ٢ی ئادار، لە هۆڵی دڵدار لە کتێبخانەی گشتی کۆیە، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ سیاسەتمەدار عەبیر سەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا هاوکار رەندیخانی، بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە، وێڕای ئاماژەدان بە ناوەڕۆکی مەراسیمەکە و خستەڕووی ژیان وو هەوڵەکانی عەبیر سەهلانی لەبەرامبەر مافی مرۆڤ و کەیسی پەناهەندە و پەنابەران بەگشتی و پشتیوانی کردنی مافی کورد بەبەردەوامی و بەتایبەت لەهەردوو پرسی شۆڕشی ژینا ئەمینی و شۆڕشی کەزی لە ڕۆژئاوا، هەروەها پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە هوڵی پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا. دواتر حاجی کاوە خاوەن بیرۆکە و ڕێکخەری مەراسیمەکە وتەیەکی بەزمانی عەرەبی پێشکەشکرد، کە هەمان وتەکانی بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە بوو، پاشان پەیامی سوپاس گوزاری عەبیر سەهلانی پێشکەشکرا.
عەبیر سەهلانی، سیاسەتمەدارێکی سویدییە کە بە ڕەچەڵەک عێراقییە و یەکێکە لە ژنە دیارەکانی ناو کایەی سیاسی لە ئەوروپا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ لە شاری بەغدایە، بە ڕەچەڵەک لە خێزانێکی ناسراوی شاری ناسریەیە، باوکیشی چالاکوانێکی سیاسی، پێشمەرگە بووە لە کوردستان لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و زیندانی ساسی بووە بەدەستی ڕژێمی بەعس و خاوەنی چەند شەهیدێکن لەبنەماڵەکەیان، عەبیر لە تەمەنی منداڵیدا و دوای چەندین گەشت بە وڵاتانی جیاوازدا، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا گەیشتووەتە سوید، ئەندامی پارتی سەنتەری سویدییە "Centerpartiet" و لە چەندین پلەی گرنگدا کاری کردووە، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی سوید "Riksdag" بووە. لە ئێستادا ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە و نوێنەرایەتی سوید دەکات، زیاتر گرنگی بە پرسەکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی، کاروباری پەنابەران و مافەکانی ژنان دەدات.
بۆ بڕنی کەزی هەڵوێستی نیشان دا
عەبیر سەهلانی بەوە دەناسرێتەوە کە زۆر بوێرە لە دەربڕینی بۆچوونەکانیدا یەکێک لەو دیمەنانەی کە لەسەر ئاستی جیهان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی ئەوروپا، قژی خۆی بڕی وەک نیشانەیەک بۆ پشتگیریکردنی ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، هەرچەندە ئەو لە سوید دەژی و وەک سیاسەتمەدارێکی ئەوروپی کار دەکات، بەڵام هەمیشە چاوی لەسەر بارودۆخی عێراق بووە. لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣ بۆ ماوەیەک گەڕایەوە عێراق و وەک ڕاوێژکار و هەماهەنگیکار بۆ چەندین پڕۆژەی مەدەنی و سیاسی کاری کرد، بەڵام دواتر گەڕایەوە بۆ سوید و درێژەی بە کاروانی سیاسی خۆی دا. یەکێکی تر لە پشتیوانییەکانی بۆ گەلی کورد پشتیوانی کردنی ڕاستەوخۆ بوو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و بڕینی کەزی، لەو پێناوەش بەجلی کوردییەوە وتارێکی لەهۆڵی پەرلەمانی ئەوروپا خوێندەوە.
نیگار حەمەد، بۆ هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارە وتی: جێی دەستخۆشیە پەرلەمانتارێکی عێراقی بەمشێوەیە پاڵپشتی کورد بێت، زۆر سوپاسی عەبیر سهیلانی دەکەین کە لەپەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەربڕی، چونکە هەرکەسێک و لەهەر شوێنێک بێت پشتگیری لە کورد بکات و داکۆکی لە مافی کورد بکات لە ڕۆژئاوابێت یان لە باکوورو ڕۆژهەڵات و باشوور بێت، دەستخۆشی لێدەکەین هیوادارم نمونەی زۆربێت، هەروەها دەستخۆشی لە حانی کاوە کۆیی دەکەین لەگەڵ کتێبحانەی گشتی کۆیە کە ئەو مەراسیمەیان بۆ عەبیر سهیلانی سازکرد. پەیمان عبدالرزاق، دوڵی دەستخۆشی زۆری بۆ ئەو پەرلەمانتارە، وتی: سوپاسی عبیر خان دەکەم دەستخۆشی لێدەکەم کە پەرلمانتارێکی سویدی، عەرەبی عێراقی باسی کورد بکات لە پەرلەمان ئەوە جێی شانازیە، خۆزگە لەهەموشوێنەک ئەوها کورد باس دەکرا. پەیمان عبدالرزاق وتیشی خۆزگە خۆشی لێرە دەبوو بەڵام بەهۆی بارودۆخەکە نەی توانی ئامادەبێت، لە بری ئەو باوکی لە پارێزگای زیقارەوە ئامادەبوو بۆ وەرگرتنی ڕێزلێنانەکە.