لە کۆیە فێستیڤاڵی زانستی و کولتووری نەتەوەیی بەڕێوەچوو
لە کۆیە فێستیڤاڵی زانستی و کولتووری نەتەوەیی بەڕێوەچوو خوێندکارانی بەشە جیاوازوەکان بە چالاکی جۆراوجۆر بەشداربوون.

شیا کۆیی
کۆیە-بە دروشمی "لەپێناوزانست و لەبیرنەکردنی کولتووری نەتەوایەتیمان" پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە، بەچاودێری سەرۆڪی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ڕۆژی ٢٨ی نیسان فیستیڤاڵی یەک ڕۆژەی بەڕێوەبرد کە چەندین بەش و بڕگەی جیاوازی پێشکەش کران، وێنەکێشان و جلوبەرگی کوردی و پەرتوک و چەندین خواردنی کوردەواری و ئەسپ سواری و چەندین بابەتی پزیشکی لەخۆ گرتبوو.
هەر لە فێستیڤاڵی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە کەیەک ڕۆژی خایاند، بەشە پزیشکیەکان بەچەندین چالاکی کرداری وەک پشکنینی فشاری خوێن و چاو و شەکرەو، و ڕونکردنەوەی هەندێک لە نەخۆشیەکان، بەشدارییان کرد.
ئانیا حەیدەر، لە قۆناغی دووی بەشی پەرستیاری پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە، کە لەگەڵ ستافەکەی بەچەند شیکاریەکی نەخۆشیەکان بەشدار بوون وتی: بەکۆمەڵێک زانیاری گشتی پزیشکی بەشداریمان کردووە وەک ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی ڕەنگی زمان بەدەر دەکەون، چونکە گۆڕانی ڕەنگی زمان بۆ هەر ڕەنگێک واتای نەخۆشیەکە، بۆنموونە گەر زمان ڕەنگی زەردبێت، واتە کەسەکە توشی زەردوویی بووە.
ئانیا وتیشی: بەشێکی دیکە لە چالاکیەکانمان ئەوەیە کە جۆری خواردنەکان بۆ چ شتێک دەبن بۆنمونە، گێزەر بۆچاو باشە تەماتە بۆ دڵ باشە، گوێز بۆ مێشک ، زەنجەفیل بۆ مەعیدەو هەناو، پاقلەمەنیەکان بۆ گورچیلە، پەتاتە بۆ پەکریاس، هەرمێ بۆ ڕەحمی ژن باشە.
مەیلی حەسەن، خوێندکار لەبەشی ژنان و منداڵبوون لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە، بە شێوەی کرداری بۆ میوانانی ڕووندەکردەوە کە چۆن منداڵێک ڕزگار بکرێت لەکاتێکدا شتێک دەچێتە بۆری هەناسەی، وتی: من بە فریاگوزاری سەرەتایی بەشداریم کردووە، کاتێک منداڵێک لە دایک دەبێت شتێک بپەڕێتە ناو گەروی دەبێت لەسەر دەستمانی دا بنێین و بەشێوەیەک بەدەست لەناوەڕاستی پشتی بدەین تا ئەوەی لە گەروی بێتە دەرەوە و منداڵەکە هەناسەدانی ئاسایی بێتەوە.
هێلین سۆران، قۆناغی دووی بەشی پەرستاریە بە دروستکردنی گوڵ بەشداری کردووە وتی: تا پەیمانگاکەمان بناسێنین ئەمڕۆ بەشداریم کردووە لە فیستیڤاڵ، و خۆم بە گوڵ بەشداریم، و گوڵەکان لەگەڵ خۆشکم درووستمان کردووە، ئەو گوڵانە هەم جوانە هاوکات دمێنتەوە، ئێمە پێمان خۆشبوو بێتە هۆی خۆشەویستێ لەنێوان کەسەکان و گوڵ بکڕن بۆ کەسەکانیان وەک بۆ دایک و خوشک و برا یان هەرکەسێک خۆشیان بوێت.