لە کوردستان لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد پیرۆزکرا
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام درا و ئەو ڕۆژە پیرۆز کرا.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٤ نیسان، ٧٢ ـیەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، لەو ڕۆژەدا لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا چالاکی ئەنجام دەدرێت، بە نەمان چاندن، ئاهەنگگێڕان و کاری هونەری ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکرێت، ژنانیش ٤ی نیسان بە ڕۆژی ژیانەوە پێناسە دەکەن.
لە باشوری کوردستان چالاکی
کۆنگرەی ستار و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، لە شاری سلێمانی ٣ی نیسان ڕێوڕەسمێكیان بەڕێوەبرد و تێیدا بە دەیان نەمامی داری زەیتون بۆ لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن ئامادەبووانەوە چێنران.
هەروەها ئەمڕۆ لە ڕانیە لە شەقامی گۆڕستانی ڕاپەڕین ٧٢ نەمام و لە گوندی مارادۆی بناری قەندیل ٧٢ نەمامی دیکە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان چێندرا.
دوێنێ لە گوندی ژاڵەناو لە شارۆچکەی دەربەندیخان، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ژنانی ئازادی کوردستان بە چالاکییەک ٧٢ نەمانی سنۆبەریان چاند و ئاهەنگێکیان سازکرد.
هەروەها لە کۆیە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و لە گوندی "تیلیزێر"ی شەنگال،تەڤگەری ژنانی ئێزدی هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان ئەنجام دا، لە شەنگالیش باخچەیەکییان بە ناوی "باخچەی ڕێبەرایەتی" دروستکرد.
لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، چالاکییەکانی فیستیڤاڵی ٤ی نیسان دەستیپێکرد، کە فیستیڤاڵێکی ساڵانەیی وەرزشی و کەلتورییە، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمساڵیش لە ١٣ـیەمین ساڵیادیدا و ئەمڕۆ چالاکییە وەرزشی و کەلتورییەکان دەستی پێکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن گەنجانی وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوو چالاکی ئەنجام درا، لە چالاکی یەکەمدا پەیامێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەووە، لە چالاکی دووەمیشدا پانکارتیان بۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەناو شاردا بڵاوکردەوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان
جگە لە باشوری کوردستان، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش چەندین چالاکی نەمام چاندن ئەنجام درا.
دانیشتوانی کۆبانێ ٢٠٠ نەمانیان چاند، لەلایەن کۆمیتەی ئابوری ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە باخچەی "ڕێبەی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان"، کە ١٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کۆبانێوە دوورە.
لە شاری حەسەکە، لە کامپی سەرێکانی دوو هەزار و ٦٠٠ نەمان لە بەردەم خێمەی ئاوارەکاندا چێندران، لەلایەن ناوەندی ئیکۆلۆجی کۆمیتەی شارەوانی گەل لە کانتۆنی هەسەکە لەگەڵ کۆنگرەی ستار ڕێکخرابوو.
لە شاری حەلەب کۆنگرەی ستاری ئەو شارە لەگەڵ شارەوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ٢٥ داری میوەیان چاند، هەروەها لە قامیشلۆ لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکانەوە ٥٠ داری لیمۆ، سێو، زەیتون و چەندین جۆری دیکە لە گەڕەکی هیلالییە ئەو شارە چێندرا.
لە شەهبا، لە یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا، باخچەیەک بە ناوی "ڕووکەن زەردەشت" بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ناوچەی فەفین-ی شەهبا کردەوە، ڕووکەن زەردەشت لە دژی داگیرکاری لە ١٧ی ئازاری ٢٠٢١ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆچی دوایکرد.
ت.پ