کەرکوک، مەڕاسیمی ناساندن و دابەشکردنی پەرتووکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" بەڕێوەچوو
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بەرز ڕاگیراو پەرتووکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" لەنووسینی ساکینە جانسز ناسێندراو دابەش کرا.
کەرکوک
لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ساکینه جانسز ناسراو بە "سارا"، دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ له ته‌مه‌نی پڕ له تێکۆشان، له‌گه‌ڵ هەڤاڵانیدا فیدان دۆغان ناسراو بە "ڕۆژبین" و له‌یلا شایله‌مه‌ز ناسراو بە "ڕۆناهی"، له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به پیلانگێڕییه‌کی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌هید کران.
لەناوەند و کتێبخانەی دیالۆگ لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٥٠ کەسایەتی لە نووسەر و ئەدیب ، ووڵاتپارێز، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی بوارەکانی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران و هۆگرانی پەرتووک، لە ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس، مەراسیمێک لە لایەن لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ناساندن و دابەشکردنی پەرتووکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد، پاشان لەلایەن ڕوناک مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕژاک باس لە ژیاننامەی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی کرا و پەرتووکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" بە ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە ناسێندرا.
"پەرتووکەکە بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی زیندانەکان و مەیدانەکانی تێکۆشانە"
ڕوناک مەجید سەبارەت بە ژیاننامە و پەرتووکەکەی شەهید ساکینە جانسز وتی: ساکینە جانسز ژنە تێکۆشەری کورد لەماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵی ژیانیدا لەناو تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا پەرتووکی بەناوی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" نووسیوە، وەک خۆشی ئاماژەی پێداوە، پەرتووکەکە بەرهەمی خەبات و ڕەنجی سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی ئازادی، بەرخۆدانی زیندانەکان و مەیدانەکانی تێکۆشانە.
سەبارەت بە ژیانی ساکینە جانسز وتیشی: ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە جانسز ناسراو بەهەڤاڵ "سارا"، هه‌ڵگری کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزه، هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌رز و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی و خۆشه‌ویستی بۆ مرۆڤ زۆر جیاوازه، هه‌نگاوه پڕ له ئیراده‌کانی، پشوودرێژییه‌که‌ی و تێکۆشانەکانی وایکردووه بگات به‌و ئاسته‌ی ببێت به یه‌کێک له‌و ژنه به‌هێز و به‌توانایانه‌ی له دامه‌زراندنی پارتی کرێکارانی کوردستاندا ڕۆڵی هه‌بێت و زیاتر له سێ چاره‌کی ته‌مه‌نی و گیانی خۆی به ئازادیی ژن و گه‌له‌که‌ی ببه‌خشێت.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکە هەرسێ بەرگی پەرتووکی "ژیانم هەمیش تێکۆشان بوو" لە نووسینی ساکینە جانسز پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
جێگای ئاماژەیە، پەرتووکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" لە سێ بەرگ پێکهاتووە، سەرجەمی لاپەڕەکانی دوو هەزار و ٢٠٠ لاپەڕەیە، چاپی یه‌که‌می به‌رگی یه‌که‌م له ساڵی ٢٠١٧دا بڵاوکرایه‌وه، دوای پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ورد بۆ ئه‌و به‌رگه و وه‌رگێڕانی هه‌ردوو به‌رگه‌که‌ی تر، چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە.