لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشنا عەبدوڵا دۆخی زانکۆکانی هەرێم باس دەکات
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشنا عەبدوڵا باس لە قۆرخکردنی کورسیی زانکۆکان لەلایەن حزبەکانەوە دەکات و لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی ئامادەکراو بڵاودەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی گۆران لەگەڵ ڕاهی ڕەهبەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، راپۆرتێکی ئامادەکراویان دەربارەی دۆخی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرد.
کۆنگرەکە لەلایەن ئاشنا عەبدوڵاوە بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتەکەشیان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، ئاشنا ئاماژەی بەوەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان لە دۆخێکی خراپدان لە ڕووی کارگێڕی و پێشێلکردنی یاساکانەوە و چەندین کێشەش لە زانکۆ تایبەتەکاندا هەیە، وتیشی: راپۆرتەکەی ئێمە دەربارەی دەستوەردانی حزبییە لە زانکۆکاندا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: پێشێلکاری دەکرێت لە یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٨ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دەکرێت کە دەربارەی مەرج و ڕێکارەکانی دانانی سەرۆکی زانکۆکانە، بەپێی ماددەی ٩ی یاساکە سەرۆکی زانکۆ لەسەر پێشنیاری وەزیری خوێندنی باڵا و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دادەنرێت بە چەند پێوەرێک، بەڵام لە ئێستادا سەرۆکی زانکۆکان دەدرێت بەو کەسانەی کە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، یاخود بە وەکالەت دەدرێت پێیان.
سەرۆکی زانکۆکان بە نایاسایی پۆستەکەیان دەدرێتێ
بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتەکە، لە کۆی ١٨ سەرۆکی زانکۆ، تەنها دوانیان مەرجی یاسایی و ڕێکارەکانیان بە تەواوی تێدایە، ١٢ سەرۆکی زانکۆیان مەرجە یاساییەکانیان بەسەرچووە، دوو زانکۆش پەیڕەوی یاساکان ناکەن، سەرۆکی زانکۆش هەیە لە ٢٠٠٩وە نەگۆڕدراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە حزب قۆرخی پۆستی سەرۆکی زانکۆکانیان کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ١٨ زانکۆ، ١٠یان پۆستەکە کەسانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دانراون و ٨ی دیکەیان یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
قۆرخکردنی زانکۆکان و نەبوونی سیستم و یاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی خوێندن و کارگێڕی، بووەتە هۆکاری قەیران و چەندین کێشە لە زانکۆکاندا، کە لە ئێستادا ڕەنگی حزب بە زانکۆکانەوە دیارە و لە سەربەخۆیی و زانستەکەی دوورخراوەتەوە.
ت.پ