لە کاتێکدا داوای چارەسەرو گواستنەوەی بۆ تاران دەکرێت بارودۆخی نێرگس محەمەدی تێکدەچێت
بارودۆخی نێرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران هێشتا ناجێگیرە، سەرەڕای ئەوەی کە لە بەشی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری زەنجان چارەسەری وەرگرتووە، ئەوەش دوای دابەزینی بەرچاوی باری تەندروستی، بەگوێرەی دامەزراوەکەی.
ناوەندی هەواڵ
تەندروستی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، ئەمەش نیگەرانییەکی بەربڵاوی لای بازنەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و بانگەوازی زیاتر بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی تایبەتمەند.
دەزگای نێرگس محەمەدی کە چاودێری بارودۆخی ئەو دەکات و لەلایەن خێزانەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕایگەیاندووە، کە نێزگس محەمەدی کە لە ئێران زیندانی کراوە، لە بەشی دڵ لە نەخۆشخانەیەکی شاری زەنجان کە شارێکە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران چارەسەر وەردەگرێت. هەروەها پەستانی خوێنی بە شێوەیەکی مەترسیدار دەگۆڕێت و پشتگیری ئۆکسجینی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بارودۆخەکەی جێگیر بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، نێرگس محەمەدی تەمەن ٥٤ ساڵ، دوای دابەزینی لەناکاوی باری تەندروستی، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. دووجار هۆشی لەدەستداوە و تووشی جەڵتەی دڵی سەخت بووە. پێشتر خێزانەکەی ڕایانگەیاندبوو کە لە کۆتایی مانگی ئاداردا تووشی جەڵتەی دڵ بووە. هەروەها چارەسەری پێویستی بە گواستنەوەی بەپەلە بۆ تاران هەیە کە گروپی پزیشکییەکەی لێیە.
نێرگس محەمەدی بەهۆی چالاکییەکانی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان، چەندین سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، مانگی شوباتی ساڵی ڕابردووش سزای نوێی حەوت ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لیژنەی ئاشتی نۆبڵ داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران لەو کاتەدا کرد کە دەستبەجێ ئازادی بکەن.