لە هەولێر کچێک لە لایەن باوکیەوە کوژرا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، درەنگانی شەوی ڕابردوو ١١ی تەمووزی ٢٠٢١، باوکێک کچەکەی خۆی بە فیشەک کوشت، دواتر باوکەکە ‌‌هەڵاتووەو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

سلێمانی

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو باوکێک بە فیشەک کچەکەی خۆی بە ناوی "ا.ر.ح" کوشت.

 

لەو بارەیەوە هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرابەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە ژنهای ڕاگەیاند، "ئێستا لێکۆڵینەوەکان لە سەرەتادان و پێشبینی دەکرێت بەچەکی جۆری دەمانچە کوژرابێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە".

 

بەپێی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی هەولێر ئەو کچە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کوژراوە و دوای ڕووداوەکە باوکی هەڵاتووە.

 

هاوکات هەر دوێنێ یەکشەممە لە نزیک تونێلی میراوە لە شەقڵاوە، تەرمی ژنێکی نەناسراو دۆزراوەتەوە، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە تەرمەکە بەردەوامە.