لە هەرێمی کوردستان ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی هەن

ساڵانە کرێکاری بیانی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی کارکردن ڕێژەکەشی تادێت زیاد دەکات بە جۆرێک لە هەرێمی کوردستان ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی هەن و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٢ کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستداوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ڕۆشنبیری بۆ داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و تێیدا کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢١یان خستەڕوو.

 

بەرزان ڕەئوف، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری بۆ داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٢ کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستداوە بە هۆکارەکانی ڕووداوی هاتووچۆ، ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆکوشتن و کوشتن و مردنی ئاسایی، کە ١٧ کەسیان پیاو بوون و ٥ کەسیان ژن بوون.

 

دوو حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراوە

لە هەمان ساڵدا ٧ کرێکاری بیانی برینداربوون بە هۆکاری جیاجیای وەک بەریەککەوتن لە شوێنی کار یاخود ڕووداوی هاتووچۆ، دوو دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە دوو هاوڵاتی بیانی ئەنجامدراوە، ڕێکخراوەکەش ٣٠ی کێشەی کرێکارانی بیانی چارەسەر کردووە.

 

بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانی لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها سێ کەس بووە کە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، ئەو ئەندامی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشدا ئامارێکی ڕاست نییە بۆ ژمارەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەشێکیان لەژێر ناوی ڤیزەی سەردانیکردن دێنە کوردستان یاخود بە نایاسایی دێن، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو ڕێژەکە زیادی کردووە کە ٣٢ هەزار کرێکاری بیانییە و کار دەکەن.

 

وتیشی "هەوڵمانداوە کرێکاران هۆشیار بکەینەوە لە مافەکانیان و ئاستی ڕۆشنبیریان بەرز بکەینەوە"، لە کۆتایدا داوایان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد ڕایەڵەیەکی گونجاویان بۆ ڕێکبخەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروستبکەن و خزمەتی زیاتر بە کرێکارانی بیانی بکەن.

  

ت.پ