بەهار مونزیر: کوشتنی ژن بووە بەنەریتێک لەناو کۆمەڵگەدا

کوشتنی ژنان لەنێوان عەقڵییەتی پیاوسالاریی و کۆنەپەرستیدا روو لەزیادبوونەو چالاکوان بەهار مونزیر دەڵێت: یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکان سزانەدانی بکوژانی ژنانەو زیندانەکان چۆڵن لە بکوژانی ژن، چونکە سزا نادرێن.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-زۆربەی ڕووداوەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان بە چەک ئەنجامدەدرێن کە بەشی زۆریان چەکی بێ مۆڵەتن، لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسایەکی نوێی چەکی دایە پەرلەمان بە مەبەستی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و شوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک لە شار و شارۆچکەکان، ئەم پڕۆژە یاسایە لە ڕۆژی ١ـی ئاداری ٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو یاسایەش هێشتا ڕووداوەکانی کوشتن زیاتر بوون کەم نەبوون، دیاردەی کوشتنی ژنان، وەک دەرکەوتەی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی-دەسەڵاتخواز، بە بیانوو و هۆکاری جیاواز لەناو کۆمەڵگەدا بەردەوامە و حکومەت و دادگاکان و ڕێکخراو و دامەزراوەکانیش بەهۆی بێباکیی و کەمتەرخەمییەوە نەیانتوانیوە سنوورێکی بۆ دابنێن ، لەوبارەیەوە بەهار مونزیر، چالاکوان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"ئێمە یاساکانمان یاسایەکی نایەکسانە لەنێوان ژن و پیاودا ژن بەکەم دادەنێن"

بەهار مونزیر وتی: سەرەکیترین هۆکاری کوشتنی ژنان ژن بوونە، لەبەرئەوەی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ژن پێگەیەکی لاوازی هەیە نەریتیکە ژن بەکەم دادەنێن، ئاین و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆلیان هەیە لەسەروو هەموویانەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و پێگەی ژن لاواز بێت، کار زۆر بۆ ئەوە کراوە خەڵکانی دڵسۆزمان زۆرە کاری بۆ کردووە بەڵام لەهەر شوێنیک دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەولاتەکەدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە  بۆ ئەوەی پێگەیەکی بەقوەت هەبێت بۆ ژن، ئێمە یاساکانمان یاسایەکی نایەکسانە لەنیوان ژن و پیاودا ژن بەکەم دادەنێن، لەزۆربەی ئەو مادەو بڕگە یاسایەکاندا هەمووی هۆکاری سەرەکین، یەکێکیتر لەهۆکارە سەرەکیەکان سزانەدانی بکوژانی ژنانە، ئێمە لەگەڵ ژن کوشتن نین و کار بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژ دەکەین بۆ هەردوو ڕەگەز، زیندانەکان چۆڵن لەبکوژانی ژنان، ئەگەر لەوڵاتێکدا یاسایەک هەبێت ئەگەر بتوانێت دادپەروەرانە مامەڵەبکات لەگەل کەیسەکاندا جێگەی بکوژانی ژنان خاڵی نابێت لەناو زیندانەکان، کەمن ئەو بکوژانەی کە لەناو زیندانەکان سزا دەدرێن، هەندێک هەیە سزادراون لە ١٥بۆ٢٠ساڵ سزا درابوون، بەڵام لەحەوت ساڵی  زینداندا بەر لێبووردنی گشتی کەوتن، لەدوایی ساڵی ١٩٩١لێرە  کوشتنی ژن بووە بەنەریتێک لەناو کۆمەڵگەدا، ئەوەبوو چەک لەناو ماڵەکاندا ئاسان بوو، لەزۆر کەیسەکانی کوشتن لەناو دادگاکان زۆر جیاوازی دەبینین لەنێوان کوشتنی ژنێک لەگەڵ کوشتنی پیاوێکدا.

 

"خۆسووتاندن زۆرەو خیزانەکان سوورنین لەسەر کەیسەکان"

وتیشی: خۆسووتاندنی ژنان نەریتێکەو بەرەوڕووی دەوەستینەوە، یەکێکە لەدیاردە زۆر ناخهەژێنەکان، یەکێکە لەو ئامارانەی ئامارێکی زۆرە، ئامارێکی فەرمی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن وڕیکخراوەکان بەردەست نییە بەڵام خۆمان لەهەوڵی ئەوەداین ئاماری خۆمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین پشتی پێببەستن، بەلام یەکێک لەکێشە گەورەکان خۆسووتاندنە لەهەرێمی کوردستان نەک لەشوێنێکی تایبەتدا لەچەندین شار و شاروچکەی کوردستاندا ئەم نەریتە بۆتە نەریتێکی باو، نابینرێت کاری لەسەربکرێت تەنها ڕێکخراوەکانە ئەو ڕێکخراوانەی کە لەسەرپرسەکانی ژنان کاردەکەن، هەندێک ڕۆژنامەنووس بەلایەوە گرنگە، ئێمە لێرە گۆڕستانی بێناونیشانمان هەیە، یەکێکی ترە لەو نموونانەی کە لەبەردەستماندا بێت ژن بەبێ نازی دەکوژرێت، ئەمەش یەکێکی ترە لەو خاڵە بەهێزانەی دەبێت کاری لەسەربکرێت، ئێمە دەبێت گۆڕی بێناومان نەبێت، هیچ ژنێک بەبێ ناو بەژمارەیەکەوە لەلایەن شارەوانیەوە نەنێژرێت، هەروەهایەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکان نەبوونی کەسێکە لەناو خێزان کەسووربێت لەسەر کەیسەکە، هەندێک کەیس کوشتنی ژنان و خۆسووتاندنیان بەڕێکەوتنی خێزان دەکرێت و دەشاردرێتەوە، هەندێک جار کەیسی کوشتنە دەکرێت بەخۆکوژی، ئەمانە هەموو ئەو کەیسانەن ئێمە کارمان تێدا کردووە، بۆیە گەورەترین کێشەکانی ئێمە کەدەچینە دادگا ناتوانی سوەربین لەسەر کەیسەکان، خێزانەکان دەیانەوێت بەکەمترین کات ئەم کەیسی کوشتنە داپۆشرێت یەکێکە لەوکوشتنانەیی لەکاتێکی کەمدا تەواو دەبێت، لەپرسەوە لەسەر قەبرانەوە لەلەبیرچوونەوە لەناوخێزانەکانیشدا بەجۆرێک والێدەکرێت کەباس نەکرێت، ئەمانە یەکیکە لەوکاریگەریە گەورانەیی لەسەر کەیسەکانی کوشتن وابەزوویی لەکاتێکی کەمدا خێزانەکان بەنەنگی دەزانن کە کچەکانیان دەکوژرێت یان خۆسووتاندن رودەدات هەندێک جار دۆسیەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواو دەبێت و راپۆرتێکی پزیشکی دەبێت بەخۆکوژی ئەگەر خۆکوژیش بێت بۆ باگراوەندەکەیی ناگەڕێن.

 

" دەیانەوێت ژنی ئازادمان نەبێت لەکۆمەڵگەدا"

بەهار مونزیر ئاماژەی بەوەشکرد،  دامودەزگاکان بەرپرسیاریەتی گەورەیان لەسەرە بۆ پاراستن زۆر گرنگی نادرێت بەم پرسە خزمەتگوزاریەکی وا تۆکمە لەبەردەستا نیە بۆ کچێک یان ژنێک لەتوندوتیژیدایە بیەوێت ڕزگار ببێت لەو توندوتیژیەبەوجۆرە نیە بگاتە جێگایەک کە زۆر سەلامەتبێت،میدیا ڕۆڵێکی خراپی گێڕاوە زۆربەیان بەئەقڵیەتێکی پیاوسالاری کاردەکات ژن بەکەم دادەنێت، چەندین جار لێدوان و بەرنامە وابڵاودەکرێتەوە، بەکەم دادانی ژن ئاسایی ببێتەوە لەکۆمەڵگەدا ئەگەر ژن بەکەم دابنرێت، ئەوا ژن کوشتن و توندوتیژیش ئاسایی دەبێتەوە، بەردەوام کار لەسەر فرەژنی دەکرێت ئەمانە هەویەتێکی زۆر لاوازە، بۆ ژن ئەگەر میدیایەکمان هەبێت لەسەر پرسی یەکسانی نێوان ژن و پیاو کار بکات ئەمە گۆڕانکاری دروست دەکات لەکۆمەڵگەدا،هەموو ڕۆژێک لەمیدیاکانەوە بەردەوام گوێمان لەفرەژنی و بەکەم دانان و هەندێک لەبانخوازەکان بەردەوام لەبەرامبەر مافەکانی ژنان بەردەوام دەخوێنن دەیانەوێت ژنی ئازادمان نەبێت لەکۆمەڵگەدا، ژنانێکمان هەبێت کەبەدڵی ئەوان بێت، ژنانێکمان هەبێت لەهەرێمی کوردستاندا لەژێر چوارچێوەی یاساو عورفی ئەواندا بجوڵێنەوە، لەکاتێکدا سەردەمێکی ترە دەبێت ژنان ئازاد بن ژن دەبێت خۆی بڕیاردەری ژیانی خۆی بێت، ئەوەی کەد هەیە لەلایەن چەند بانخوازێکەوە هەوڵی پەلکێشکردنی کۆمەڵگە بەرەو دواوەیە.

 

وتیشی: دەبێت گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەدا ڕووبدات، ئەمەش لەڕێگای بزووتنەوەی ژنان پێویستی بەوەیە بەهێزتر بێت و ئازایانە پچیتە پێشەوە، بۆیە بتوانێت ئەم گۆڕانکاریە ڕیشەیانە ڕووبدات، ڕاستە کاردەکرێت بەڵام دەبێت کۆمەڵگەی لەگەڵدابێت، دەبێت ئەم ڕێکخستنە بکرێت لەناو کۆمەڵگەدا، کوشتن وخۆسووتاندن و کوشتنی ژنان قێزەون بکەین لەلای خەڵک، ئێمە پێویستمان بەو گۆڕانکاریەیە کە ژن بەهێز بێت و پرسەکانی ژنان زۆر بچێتە پێشەوە کۆمەڵگەیەکی پارێزراومان هەبێت بۆ ژن هیچ کەسێکیش قبوڵی نەبێت لەگەڕەکەدا لەناو خێزان و شوێنی کارەکەیدا کە ژنێک بکوژرێت و هیچ کەسێکیش لێی بەرپرس نەبێت، خێزان و حکومەت، دامودەزگاکان 'ئەمانە هەموو بەرپرسیاریەتیەکی گەورەیان لەسەرە کاتێک کچێکی ١٦ساڵ بەهۆی پەیوەندیەکەوە خەڵتانی خوێن دەکرێت، کەواتە مرۆڤ ناوەند نییە لەم بابەتەدا، ژن بە مرۆڤ سەیرناکرێت لەم وڵاتەی ئێمەدا ژن وەک باڵندە زۆر بەئاسانی گیانلەدەست دەدات و دەکوژرێت، وەک مرۆڤێک مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بۆیە بەئاسانی لەهەموو شار و شارۆچکەکان ژنان دەکوژرێن.

 

" هەندێکی وتە دەگۆڕیت هەر لەڕۆژەکانمی یەکەمەوە سوڵح دەکرێت"

بەهار مونزیر وتی: لەماوەی ڕابردوودا هەڵمەتێکمان ڕاگەیاند کەهەڵمەتەکە سەرتاسەریە نەک تەنها لەشاری سلێمانی بێت، دەمانەوێت لەهەموو شارو شارۆچکەکان بەردەوام بێت، ماوەی ساڵێک بێت نەک کورتخایەن بێت نەمانخستۆتە ١٦رۆژی دژی توندوتیژی، دەمانەوێت بەردەوام بێت وکاریگەری دروست بکات، لە شاری کەرکوکەوە هەڵمەتەکە نوێنەرایەتی دەکرێت چالاکوانی لەگەڵدایە لەشاری دهۆک و هەڵەبجەو هەولێرو سلێمانی و شاروچکەکان دەورووبەری سلێمانی، ئەمانە بۆ ئێمە گرنگە کە هەڵمەتەکە هەڵمەتێکی گەورەبێت بەهەموومان بتوانین لەڕێگای کارەکانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری مەیدانی دەکرێت لەشارەکاندا، بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر هەڵمەتەکە بابەتی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسووتاندن ئەمە زۆر گرنگە، ئێمە لەسەر ئەوە نەوەستاوین چاوببڕینە ئەوەی ئامارەکە لەحکومەتەوە وەربگرین کەچۆنە یان چۆن نییە، ئێمە دەستەیەک لەناو تۆڕی هەشتی مارسەوە دەستی بەکارکردوە هەرکەسێک بتوانێت کوشتن لەلای ئێمە تۆماربکات بۆیە ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو، ئیتر چاوەڕێی ئەو ئامارە نەکەین بڵێین حکومەت ئامارەکەمان ناداتێ، ئەو ئامارەیی لەلایەن حکومەتەوەیە لەساڵی ٢٠٢٤ نووسراوە  ٤٠ژن کوژراوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بەڕاستی ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بڵاودەبێتەوە زۆر لەوە زیاترە لەساڵی  ٢٠٢٥''٥٦''حاڵەتی کوشتن هەبووە ئەوەی ئێمە وەک تۆڕی ٨مارس تۆمارمان کردووە  بێجگە لەخۆسووتاندنەکان لەساڵی ٢٠٢٤' '١٣٦''ژن خۆیان سووتاندوە لەهەرێمی کوردستاندا، جیا لەوەی سووتاندنەکان هەندێکی خۆسووتاندنەو هەندێکی وتە دەگۆڕیت هەر لەڕۆژەکانمی یەکەمەوە سوڵح دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەکەیسەکاندا سووتاندنەکان هەر خۆسووتاندنە هاندانی خێزانەکان و هاوژینەکانی تێدایە، چالاکیەکمان کرد لەبەردەم خەستەخانەی سووتاوی لەشاری سلێمانی، نێگەرانن لەوەی ڕۆژانە ئەو هەموو سووتاویەیان بۆ دەچێت. چەندین جار لەنەخۆشخانەکان بینیومانە پیاوان ژنەکانیان سووتاندبوو بۆیە جالاکیەمان لەوێدا ئەنجامدا. ئەمانە هەموو ئەو ئامارانەن دەچێتە چوارچێوەی فێمیسایدەوە کەژن کوشتنە، لەسەر ئاستی جیهان یەکێکە لەکێشە گەورەکان لەهەرێمی کوردستان بکوژانی ژن سزانادرێن بەردەوام دەچینە دادگا زۆر بەدوایی کەیسەکاندا بووین زۆر کات لەسەر کەیسەکان هەڕەشەیی کوشتنمان لێکراوە.