لە هەڵبژرادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ژنان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ١٨ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو، هەزارو ٦٦٢ ژن کاندید بوون و ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٨ی کانوونی یەکەم، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان کە لە ئێوارەی دوێنێوە بەردەوامی هەیە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەردوو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی ڕابگەیەنێت.

 

لەو هەڵبژاردنەدا ٥ هەزار و ٩٠٤ کاندید هەبوون، هەزار و ٦٦٢یان ژن بوون، کە دەکاتە ٢٨.١%ی کۆی گشتی کاندیدەکان، ئەم هەڵبژاردنە کە بەپێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٣ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی پارێزگا و شارۆچکەکان ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، بە پێی یاساکە دەبێت ٢٥%ی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە بۆ ژنان بن، واتە لە کۆی ٢٧٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ٧٥ کورسی بۆ کۆتای ژنان دەبێت، هاوکات لە ڕیزبەندی کاندیدەکانیش دەبێت لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابندرێت.

 

بۆ مسۆگەرکردنی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان چەندین لیست و هاوپه‌یمانێتی‌ هەبوون، حزبە کوردییەکان لە بەشێک لە پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو، لە هەندێک پارێزگا بە هاوپەیمانی و لە هەندێک پارێزگاش بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون.

 

لە پارێزگای کەرکوک حزبە کوردییەکان ٦٦ کاندیدیان هەبوو و لەو ژمارەیەش ٢٢یان ژن بوون، لە پارێزگای نەینەواش سێ لە حزبە کوردیەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بە کۆی گشتی ١٠٨ کاندیدیان هەبوو لەو ژمارەیەش ٢٦یان ژن بوون.

 

بەپێی ئەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە، ژنانی کاندید توانیویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ژمارەیەکیان بەبێ سیستمی کۆتا دەچنە ئەنجومەنی پارێزگاکان.