لە فێستیڤاڵی ئەدەبی کۆبانێ ژنانی نووسەر پێشەنگایەتی شۆڕشێکی ئەدەبی دەکەن
لە فێستیڤاڵی ئەدەبی کۆبانێدا، ژنانی نووسەر بەشداریان کرد، باسیان لە ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە کرد.
کۆبانێ
سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی کۆبانێ بەردەوامە، بە دروشمی "بۆ ئەدەبێک کە بەرەو داهاتوویەکی گەشاوەتر دەبات"، تیشک دەخاتە سەر کاری ژنان و دەستکەوتەکانیان لەناو شۆڕشدا.
ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد، فێستیڤاڵی ئەدەبی کە تایبەتە بە زیلان حەمۆ، نووسەر و دەرهێنەر، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە بە تەوەری "ژنانی نووسەر: لە نێوان ڕاستی و ئقستەنگەکاندا" بوو.
ڕۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەم، بە تەواوی تەرخانکرابوو بۆ بەرهەمی ژنان، کە چەندین دانیشتن و بابەتی تێدابوو، یەکەم دانیشتن بریتی بوو لە وتارێک لە لایەن نووسەران مریەم تامر و زوزان محەمەد بە ناونیشانی "ژناننی نووسەر: لە نێوان ئەزموونە کەسییەکان و تابووە گشتییەکان"، دواتر باسێک لە سەر بوونی ژنان لە گۆڕەپانی ئەدەبیدا، کارلێکی نێوان ژنانی نووسەر و کۆمەڵگە، کاریگەرییەکانی شەڕ و کاردانەوەکانی لەسەر ژنانی نووسەر.
زۆزان محەمەد، نووسەر لە عەفرینی داگیرکراوەوە تیشکی خستە سەر ئەو بابەتانەی کە لە دانیشتنەکاندا باسکراون و ڕایگەیاند، باسەکەمان لە دەوری ئەو ئاستەنگانە دەسوڕایەوە کە ژنان لە نێوان کێشە فراوانەکانی کۆمەڵگادا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەڵسەنگاندنی ئەو کێشانە و گەورەکردنی دەنگی ژنان سەبارەت بەو ئاستەنگانە، بەتایبەتی ئەوانەی پێشەنگایەتی شۆڕشی ژنانیان کردووە و شایەتحاڵی شۆڕشی ژنان بوون، گرنگییەکی سەرەکیی هەیە.
دووپاتی کردەوە، کە کۆبوونەوەی ژنان مسۆگەری داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ ئەدەبی ژنان دەکات، ژنان دەتوانن پێکەوە کێشەکانمان دەستنیشان بکەین و چارەسەری بکەین، بۆیە کۆبوونەوەی ژنانمان لە فێستیڤاڵەکەدا بنچینەیی دەبێت بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەش بۆ ئەدەبی ژنان، هەروەها هەوڵ دەدەین بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگ و هەستی ژنان هەمیشە لە ناوەندی شانۆدا بن.
خولی دووەم بەناونیشانی "ئاسۆ و داهاتووی نووسینی ژنان لە هەرێم لەلایەن شاعیران فەیروز ڕەشیک و نەریمان عەفدیکی پێشکەشکرا، باس لە بابەتگەلێکی وەک ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم ژنانی نووسەر، دەستپێشخەرییەکانی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئەدەبیاتی ژنان و ڕۆڵی دامەزراوە هونەریەکان لە پشتیوانیکردنی گەنجانی ژنانی نووسەر خستەڕوو.
"ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشێکی ئەدەبی دەکەن"
شاعیر فەیروز ڕەشیک لە حەسەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرنجمان خستە سەر ئەو پرس و ئاڵەنگاریانەی کە ڕێگرن لە پێشکەوتنی ئەدەبی ژنان، لە ڕێگەی ئەو دانیشتن و هەڵسەنگاندنانەی کە ڕوویاندا، گەیشتینە ئەنجامێکی گرنگ، بەتایبەتی گرنگی پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ژنانی نووسەر تا بتوانین پاڵنەرێک بدەین بەم بوارە گرنگ و ژیانییە.
ڕوونیشی کردەوە، کە ژنان شاهیدی شۆڕشێکی ئەدەبین، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا لە زۆر بواردا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە شۆڕشی ژنان تەنها لە بواری سەربازی و کۆمەڵایەتیدا سنووردار نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی ئەدەبیشی لەخۆگرتبوو، ئەمەش ئەوەیە کە ناو و بەرهەمی زۆرێک لە ژنە دیارەکانی ئەم ساڵانەی دوایی هێنایە ئاراوە، کە سەرچاوەی شانازی و ئیرادەیە بۆ ئێمە لە لایەکەوە ژنان خەباتی خۆیان بەڵگەدار کردووە و لە لایەکی دیکەوە سەختی و ئازارەکانی گەلەکەیان دەربڕیوە.
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆبە دانیشتنێک سەبارەت بە ئەدەبی بەرخۆدان لە چاوی جیهاندا کۆتایی بە چالاکییەکانی دەهێنێت و دواتر مەراسیمی کۆتایی بەڕێوەدەچێت.