لە فاشر و کۆردۆفان لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی خەڵک ئاوارە دەبن
دەوڵەتانی باکووری دارفور و باکووری کۆردۆفان لە سودان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتی ئاوارەبوونی بەرفراوان بوون، ئەمەش دوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و دەستبەسەرداگرتنی شارە ستراتیژیەکان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە.
					ناوەندی هەواڵ
دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی شاری فاشر، پایتەختی پاریزگای دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM" ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار و ٦٠٠ کەس ئاوارە بوون بەهۆی بەردەوامی توندوتیژییەکانی ئەو شارە.
تیمەکانی چاودێری مەیدانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاشکرایان کردووە کە خەڵکی ئاوارە بە پلەی یەکەم ڕوویان لە ناوچەکانی ناو فاشر و تەویلە لە باکووری دارفور کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکان کە نائاسایشی لەسەر ڕێگاکان دەتوانێت ڕێگری لە جوڵەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بکات کە لە توندوتیژییە پەرەسەندووەکان هەڵدێن.
باکووری کۆردۆفان
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM" بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لە ناوچەکانی بارا و ئوم ڕوابە لە پارێزگای کۆردۆفانی باکوور ئاوارە بوون، هەروەها ئەم ئاوارانە بۆ چەند ناوچەیەک لە ناوچەی شیکان لە باکووری کۆردۆفان ئاوارەبوون، هەروەها بۆ ناوچەکانی دوەیم، تەندلتی، کۆستی و ڕەبەک لە پارێزگای نیلی سپی.
هەروەها توێژەران بە لانیکەم ٣١ کۆمەڵە شتیان بەڵگە کردووە کە پێدەچێت پاشماوەی مرۆڤ بن لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و کامپەکانی زانکۆ و شوێنە سەربازییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣، ئەو وڵاتە شایەتی پەرەسەندنی کارەساتبارانەی توندوتیژییەکانی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کارەساتەی بە "خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان" پیناسە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئازارەکان، داڕمانی بەربڵاوی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و خراپتربوونی پێداویستییە مرۆییەکان لە سەرانسەری سودان.