لە دوو ڕووداوی جیاواز لە سووریا ژنێک برینداربوو و ژنێکی تریش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری ژنێک و گەنجێکی دانیشتووی شاری حومسی سووریا برینداربوون، لە هەمان کاتدا ژنێکی گەنجیش لە شاری دەرعا گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی مین لە شارۆچکەی عەلما بریندار بوو.
ناوەندی هەواڵ
چەند ناوچەیەک لە سووریا شاهیدی هەڵکشانی ترسناکی هێرش و تەقینەوەکانن، کە ترسی دانیشتووان زیاد دەکات و جەخت لەسەر خراپتربوونی مەترسییە ئاسایشییەکان دەکاتەوە.
لە گەڕەکی ''وادي ذهب" لە شاری حومسی سووریا، لە لایەن دوو کەسی نەناسراوەوە بە ماتۆڕسکیلێک هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا، کە تێیدا ژنێک و گەنجێکی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان برینداربوون.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چوند چەکدارێکی نەناسراو بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی کانوونی یەکەم، تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کردووە، پێش ئەوەی بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵبێن، هەروەها ژنێک و گەنجێک برینداربوون و بۆ چارەسەرکردنیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکان و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی گوندەکانی حومس و مەسیاف گرتۆتەوە، کە لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە ئەنجامدراون، ئەمەش نیگەرانی دانیشتووانی ئەو وڵاتەی لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژی و سەرهەڵدانەوەی گرژییە خێڵەکییەکانەوە دروستکردووە.
ئەم ڕووداوە دووبارەبووانە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی مەترسی ئاسایشی لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە داوای ناوخۆیی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی ئاسایشی و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەم هێرشە دووبارەبووانە بکرێت.
"پاشماوەی جەنگ ژیانی ژنێکی گەنج دەبات"
لە شاری دەرعا، ژنێکی گەنج گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی مینێک کە پاشماوەی جەنگ بوو لە شارۆچکەی عەلما، بە سەختی برینداربووە.
بەمەش ژمارەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە، بە هۆی تەقەمەنی نەتەقییوە و پاشماوەکانی تری جەنگی سووریا بۆ دوو کەس بەرزبوووەوە، ئەوانیش ژنێک و منداڵێکە، هەروەها هاوڵاتیەک و منداڵێکیش بریندار بوون.