لە دوای ئاڵۆزییەکان، خەڵکی شەنگال خۆپیشاندانەکەیان ئەنجامدا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و خەڵکی شەنگال دروستبوو، لەکاتێکدا دانیشتوانی شەنگال ئامادەکاری دەستکردن بە خۆپیشاندانیان دەکرد و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە ١٠٠مین ڕۆژی ئێشکگری خەڵکی شەنگال بۆ پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزیدخان، کاتژمێر ١٠:٠٠ لە ناوەندی شەنگال بە بەشداری ئێزیدییەکانی شەنگال ڕێپێوانێکی بەرفراوان ئەنجام بدرایە لە دژی ڕێککەوتنی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆخی شەنگال، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

 

لەوکاتەی خەڵکی گوند و ناوچەکانی دەوروبەری شەنگال بەرەو ناوەندی شەنگال بەڕێکەوتن، هێزە عێراقییەکان لە بازگەی تل عوزێری شەنگال ڕێگرییان لە هاولاتیان کرد، ئەم ڕێگرییەش لەژێر فشاری تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەدایە، ژنانی شەنگالیش بەتوندی ناڕەزایەتییان لە دژی ڕێگرییەکان دەربڕی و ڕووبەڕووی هێزە عێراقییەکان بوونەوە و ئاڵۆزی دروستبوو، ژنان بەڕووی هێزەکاندا وتیان: "ئێوە لە ژنان دەترسن بۆیە ڕێگری لە خۆپیشاندان دەکەن".

 

سەرەڕای ڕێگرییەکان بە بەرخۆدانی ژنان و گەلی ئێزدی لە ناوەندی شەنگال ڕێپێوانەکە دەستیپێکرد و بەهەزاران هاوڵاتی ئێزدی لە ناوەندی شەنگال بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئاسایشی ئێزدخان گردبوونەوە، لە بازگەکانیشدا ڕێگری لە خەڵکەکە کرا کە بچنە ناو شەنگال، بەڵام بە پێداگری خەڵک ڕێگری بازگەکە شکێندرا و خۆیان گەیاندە ڕێپێوانەکەی شەنگال.

 

لە پاش ڕێپێوانەکە شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان و ڕیش سپی و گەورەی ئایینی ئێزدییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا کۆبوونەوە، و تاوتوێی پرسی شەنگال تا وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە.

 

لەدوای ئازادکردنەوەی شەنگال لەدەست چەتەکانی داعش و دامەزراندنی خۆبەڕیوەبەری، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو جۆرێک و لە هەموو ڕێگەیەکەوە کە یەکێک لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەوڵ دەدات دەستبەسەر شەنگالدا بگرێت و داگیری بکات، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠یشدا لە ڕێگەی ڕیککەوتنێک لەنێوان پەدەکە و عێراقدا لەسەر شەنگال لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو، ماوەی ١٠٠ ڕۆژیشە هاوڵاتیان لەبەردەم ئاسایشی ئێزیدخاندا ئێشک دەگرن تا ئاسایشەکە بە زەبری هێز چۆڵنەکرێت بە ئێزدییەکان.

 

ت.پ