لە دەربەندیخان ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا
لە شارۆچکەی دەربەندیخان ژنێک بەشێوەیەکی گوماناوی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
لە باشووری کوردستان بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و توندوتیژییەکان دژی ژنان لە بەرزبوونەوەدایە، گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو بکوژانی ژن بۆ دەرچوون لە یاساو سزاکان کوشتنەکان گوماناوی دەکەن یاخود دەڵین نەخۆشی دەروونی هەبووە، یاخود ژنان هاندەدرێن بۆ خۆکوشتن.
لە نوێترین ڕووداودا لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا.
بەپێی وتەی کەسوکارەکەی گوایە ئەو ژنە گەنجە باری دەروونی جێگیر نەبووە و خۆی کوشتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.
تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.